٣٤ساڵ بەسەر داستانی قارەمانانەی “خواکوڕک”دا تێدەپەڕێت

لە ١٩ی تەممووزی ساڵی ١٩٨٨، سوپای ڕژێمی بەعس ھێرشێکی فراوانی کردە سەر ھێزەکانی پێشمەرگە لە گەلی خواکوڕک لە ناوچەی برادۆستی باکووری ڕۆژئاوای پارێزگای هەولێر، بەڵام ھێزەکانی پێشمەرگە بە سەرکردایەتی سەرۆک بارزانی توانییان بۆ ماوەی زیاتر لە ٤٦ ڕۆژ بەرگری بکەن و، دواجار سوپای ڕژێم ناچار بە پاشەکشە بکەن و داستانی خواکوڕک تۆمار کرا.

سوپای دڕندەی عێراق بە ھێزێکی زۆرەوە کە زیاتر لە ١٥ لیوای سەربازی و پتر لە ٣٠ فەوجی میلیشیا و بە پاڵپشتی و پشتیوانی فڕۆکە و تانک و تۆپخانە ھێرشی بەربڵاو و یەک لە دوای یەکی ھێنا بۆ سەر ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەستەڵاتی شۆڕشی کوردستان، بەڵام پێشمەرگە نەبەز و دلێرەکانی پارتی و بارزانی بە ورەیەکی بەرز و پۆڵاینەوە توانیان ڕووبەڕووی ھێزی گەورەی دوژمن ببنەوە و تێکیان بشکێنن و ئەو داستانە مەزنە بەرگرییە تۆمار بکەن وا دواتر، بە داستانی خواکوڕک ناسرا کە یەکێکە لە داستانە خۆڕاگرییەکانی بەرگری کوردستان.
ناوچەی خواکوڕک سەر بە دەڤەری برادۆستــە و لە ٣٠ گوند پێکهاتووە و کەوتووتە نێو سێگۆشەی سنووری عێراق، ئێران و تورکیا، ڕووبەری نزیکەی ١٥٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و چەندین چیا و لووتکەی بەرزی هەیە و زنجیرە چیایەکی سەخت و دوور مەودایە، چەند شوێنێکی ئەم زەنجیرە چیایانە زۆر ستراتیژی و بە ناوبانگن وەک: چیای شیلیێ، سەری چالێ، کۆراوا، بنلیس، بریمیشکا، جۆتێ برا، شەکیو، گامیشە، دالانپەر و ئاودەل کیوی..ھتد، لە چیا سەرکەش و بەرزەکانی دەڤەریخواکوڕکە، سنووری خواکوڕک لە گوندی بەنێ درێژ دەبێتەوە تا دەگاتە سەر سنووری عێراق، ئێران، تورکیا و ئەو سێ وڵاتە لێک جیا دەکاتەوە.
پێشمەرگەکانی لەشکری کوردستان بە سەرکردایەتیی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی، لەڕووی ئەو سوپایەی عێراق وەستانەوە کە ئەوکات بە پێنجەمین سوپای جیهان دادەنرا، داستانی شەڕی خواکوڕک شەڕێکی ٤٦ ڕۆژی بوو کە سوپای عێراق تۆپخانە و فڕۆکەی جەنگی و تەنانەت چەکی کیمیاویشی تیادا بەکارھێنا، لەگەڵ ئەوەشدا پێشمەرگەکانی کوردستان توانییان زیانێکی زۆر بە ھێزە ھێرش ھێنەکەی دوژمن بگەیەنن.
سەرۆک بارزانی، لە سەنگەرەکانی شەڕی خواکوڕکدا، لە وتارێکیدا بۆ پێشمەرگە قارەمانەکانی بەشداربووی ئەو داستانە ئاماژەی بەوەدا، لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا بارودۆخی ناوخۆ گۆڕانی بەسەردا دێت، دوژمن ناچار دەبێت لە بەرانبەر ئەم جۆرە بەرگرییەی پێشمەرگەدا بە خۆیدا بچێتەوە، ڕایگەیاند، لە ماوەیەکی کەمدا هەموو هاوکێشەکان گۆڕانکاریان بەسەردا دێت و ئەو ڕژێمە لەناو دەچێت”.
شەڕەکە لەڕووی سیاسی و سەربازیی و ستراتیجییەوە، بایەخێکی مەزنی هەبوو، چونکە پێشمەرگە توانی دەسکەوتێکی زۆر لە چەک و تەقەمەنی بەدەست بهێنێ. لەڕووی سیاسیشەوە لە گۆڕنانی ئەو خەونەی بەغدا بوو، کە باوەڕی وابوو بەکۆتاییهاتنی جەنگی عێراق – ئێران، بەرگری و شۆڕشی کوردستانیش لەناو دەچێت، بەڵام بەرگریی پێشمەرگە لە خواکوڕک خەونەکانی ڕژێمی بەعسی لە گۆڕ نا.
محەمەد ئەرشەد، بەشداربوویەکی داستانی خواکوڕکە، بۆ “هەولێر” گوتی: “داستانی خواکۆڕک، داستانێکی بەرچاوە لە مێژووی گەلی کورددا، ئەو کاتەی جەنگی نێوان عێراق و ئێران کۆتایی هات، عێراق زۆر مەغروور ببوو، لەبەر بوو کە بە ئاسانی بێت و هەموو سنوورەکان بگرێت، لە خواکوڕک شەڕێکی گەورە دروست بوو، لەوێ پێشمەرگە بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی ڕووبەڕووی دوژمن بووەوە، معادلەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هات و زیانێکی زۆر بەر دوژمن کەوت، سەرۆک بارزانی متمانەی بۆ پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان دروست کرد، ئەو ڤیدۆیە ئامادەیە کە سەرۆک بارزانی لەو داستانەدا قسەی کرد و ڕایگەیاند، لە ماوەیەکی کەمدا هەموو هاوکێشەکان گۆڕانکاریان بەسەردا دێت و ئەوڕژێمە لەناو دەچێت، زۆری پێ نەچوو قسەکانی سەرۆک هاتنە جێ و، ڕژێمی بەعس لە کوردستان نەما، بەڵکو کوردستان بۆ دوژمن بووە گۆڕستان و سەرهەڵدان ڕووی دا؛ ئەوە بووە ھۆکاری ئەوەی کە خەڵکی کوردستان ڕاپەڕێ، لە سایەی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵانی پێشکەوتنخواز و بەرەی کوردستانی و ئاشتبوونەوەی گشتی و ڕێنماییەکانی سەرۆک بارزانی لەڕادیۆی دەنگی کوردستان، کوردستان خاوێن کرایەوە لە دوژمن و ئازاد كرا، پەرلەمان و حکوومەت دروست بوون، هەتا ئێستاش ئێمە لەژێر سێبەری ئاشتی و ئازادی و دیموکراسی دەژین.
جادر سلێمان، بەشداربوویەکی دیکەی داستانەکە بوو، بۆ “هەولێر” دەڵێ: “لەو شەوەی شەڕی خواکوڕک دەستی پێکرد، لەیەکەم شەودا زۆر بە توندی وەڵاممان دایەوە هەر زوو سوپای عێراق تێکشکا و پاشەکشەی کرد، ئەگەرچی چەکی ئێمە زۆر سادە بوو، بەڵام شەڕی مان و نەمانمان کرد.
سلێمان، دەشڵێ: “سەرۆک بارزانی، ڕاستەوخۆ بەشداریی لەو شەڕەدا کرد و لە نزیکەوە تەوجیهاتی دەدایە پێشمەرگە، کاتێک کە دەمانزانی سەرۆک بارزانی لەگەڵ پێشمەرگەدایە، ئیدی ھیچ ترسێکمان نەما، زۆر قارەمانانە ڕاوەستاین بەرامبەر بە دوژمن، هەر لە دەستپێکی شەڕەکە و تا دوا فیشەکیش ڕاستەوخۆ بەشداری و سەرپەرشتی ئەو بەرگری و بەرخودانەمان کرد. بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی هەوێنی سەرکەوتنی ئەو داستانە گەورە و سەروەرییە بوو، توانیومان شکستێکی گەورەی سەربازی و سیاسی بەڕژێمی ڕووخاوی بەعس بدەین، لە هەمان کاتدا ئەم داستانە دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە ناوچەکە و جیهانیشدا لێ کەوتەوە”.
شاکر خورشید، پێشمەرگەیەکی دیکە بوو، بۆ هەولێر ڕوونی کردەوە: “ئەو بەرگرییەی پێشمەرگە قارەمانەکان لەو داستانە کردیان دەرسێکی گەورەیان بە دوژمن دا و شیرازەی دوژمن بە تەواوەتی لەناو چوو، بۆیە دەتوانم بڵێم داستانی خواکوڕک بووە هاندەرێک کە خەڵکی کوردستان دژیڕژێمی بەعس ڕاپەڕن، بۆیە داستانی خواکوڕک پەیامێکی دایە دوژمنانی کوردستان کە ھیچ کاتێک ڕێبازی پارتی و بارزانی تەسلیمی ئیرادەی دوژمن و داگیرکەران نابێت، ئەو ئیرادەیە بەھێزترە لە ئاگر و ئاسنی دوژمن و داگیرکەرانی کوردستان، جگە لەوەی لەو شەڕەدا پێشمەرگە دەسکەوتی زۆر بوو، وەکو تۆپ، کلاشینکۆف و ئارپێچی و تەقەمەنی و بە دەیان لاشەی دوژمن کەوتبوونە مەیدانی شەڕ و ورەی دوژمن بە تەواوەتی دابەزی و بە دەیان دیلیشمان گرتن، بە بڕیاری سەرۆک بارزانی هەموو ئەو دیلانەی کە خۆیان تەسلیم بە ئێمە کردبوو، هەموویان ئازاد کران.
خورشید، ئاشکراشی کرد: “خەڵکی ئێمە کە ئاوارەی ئێران ببوون لەم داستانەدا ڕۆڵێکی گەورەیان بینی، بەتایبەتی ئافرەتان هەرچی پێداویستی هەبوو لە نێو شارەکان کۆیان دەکردەوە، لەگەڵ نان و خواردنیان بۆ ھێزی پێشمەرگەڕەوانەی سەنگەرەکانی پێشەوە دەکرد و لەوڕووەوە نەیانهێشت پێشمەرگە ھیچ کەموکووڕیەکی هەبێت، بۆیە نابێت ڕۆڵی ئەوانیش لەبیر بکرێت”.

ھەواڵی زیاتر