مه‌سرور بارزانی: نه‌خشه‌ڕێگه‌ی ده‌ستووریمان هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی 17 ساڵه‌ له‌ ئارادان

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دوای ئه‌وه‌ی گه‌یشته‌ به‌غدا رایگه‌یاند، زۆر بابه‌ت هه‌یه‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر بكه‌ین، بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی 17 ساڵه‌ له‌ ئارادان.

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر نووسیویه‌تی: “خۆشحاڵم گه‌ڕامه‌وه‌ به‌غدا، زۆر بابه‌تمان هه‌یه‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر بكه‌ین، به‌ تایبه‌تی ئه‌و بابه‌تانه‌ی كۆمانده‌كاته‌وه‌ و ئه‌و بابه‌تانه‌شی ناكۆكیمان له‌سه‌ری هه‌یه‌”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، “نه‌خشه‌ڕێگه‌ی ده‌ستووریمان هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی 17 ساڵه‌ له‌ ئارادان،‌ چاره‌سه‌ركردنه‌كه‌ش له‌ خزمه‌تی سه‌رتاسه‌ری عێراقه‌، به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌”.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و بەرپرسانی باڵای عێراق، لەبارەی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ گەیشتە بەغدا.

نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە: “سەرۆکی حکومەت له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا، لەگەڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی فیدراڵ مسته‌فا كازمی و بەرپرسانی باڵای دیکەی عێراق کۆدەبێتەوە. ئامانجی سەردانەکە، گفتوگۆکردنە لە پێناو گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور، بەتایبەتی دۆسیەی نەوت و گاز.