پارێزگاری هەولێر: بۆریی ئاوی ئیفراز سێ دەگۆڕدرێت

پارێزگاری هەولێر رایدەگەیێنێت، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندی داوە لەسەر گۆڕینی بۆریی ئاوی ئیفراز سێ کە درێژییەکەی 11 کیلۆمەترە و بودجەی پێویستیش بۆ گۆڕینی بۆرییەکە زیاتر لە 20 ملیار دیناری عێراقییە. 

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رۆژی هەینی 22-07-2022، روونکردنەوەیەکی لەبارەی شکانی بۆریی ئاوی ئیفراز سێ بڵاوکردەوە و دەڵێت، دواى ئەوەی داوایان لە سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى وەزیران کرد بۆ گۆڕینى بۆریی ئاوى ئیفراز سێ کە درێژییەکەى (11) کیلۆمەترە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیی داوە لەسەر گۆڕینی بۆرییەکە کە بودجەی پێویست بۆی زیاتر لە 20 ملیار دینارە.

بەگوتەی ئومێد خۆشناو، مەسرور بارزانی خۆی بەدواداچوونی بۆ ئەو بابەتە کردووە و “فەرمانی پێکردووین بەپەلە چارەسەرى ئەم گرفتە بکرێت و دەستبکرێت بە پڕۆسەى گۆڕینى بۆرییەکە.” دەشڵێت، “وەکو قۆناخی یەکەم لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا بە گوژمەی پێنج ملیار دینار دەستدەکرێت بە گۆڕینی بۆرییەکە کە چارەسەری 85٪ـی کێشەکە دەکات.”