هه‌فته‌ی داهاتوو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا سه‌ردانی قاهیره ده‌كات و له‌به‌رده‌م نوێنه‌رانی 22 وڵاتی كۆمكاری عه‌ره‌بی، گوتارێك پێشكه‌ش ده‌كات.
له چوارچێوه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی كۆمكاری وڵاتانی عه‌ره‌بیدا هاتووه، رۆژی (یه‌كشه‌ممه 24ـی ته‌مموز/ یۆلیۆی 2022) سێرگی لاڤرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا سه‌ردانی قاهیره ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د ئه‌بولغه‌یز، سكرتێری گشتی كۆمكار و هه‌ر 22 نوێنه‌ره‌كه‌ی وڵاتانی ئه‌م كۆمكاره كۆده‌بێته‌وه.
هه‌روه‌ها له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، لاڤرۆڤ له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌یدا گوتارێك پێشكه‌ش ده‌كات.
له‌مباره‌یه‌وه نید برایس، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا بۆ میسر رایگه‌یاند، واشنتن پێی گرنگ نییه كێ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ لاڤرۆڤ ده‌به‌ستێت.
ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا له‌میانی به‌شداریكردنی له لووتكه‌ی تاران، كه هه‌ریه‌ك له ئیبراهیم ره‌ئیسی سه‌رۆكی ئێران و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا، ئاماده‌یبوون، گوتارێكی پێشكه‌شكرد، تێیدا ئاماژه‌ی به شه‌ڕی ئۆكرانیا و دۆخی سووریا كرد.
هه‌فته‌ی رابردوو جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا سه‌ردانی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی كرد، سه‌ره‌تا له ئیسرائیله‌وه ده‌ستیپێكرد، له‌وێ رێكه‌وتنێكی ئه‌منیان له دژی دۆسییه‌ی ناووكی و هه‌ژموونی ئێران له ناوچه‌كه ئیمزاكرد، دواتر سه‌ردانی فه‌له‌ستین و سعوودیه كرد.
تا ئێستا وڵاتانی عه‌ره‌بی هیچ هه‌ڵوێستێكیان له‌باره‌ی جه‌نگی ئۆكرانیا نیشان نه‌داوه، ئه‌وان له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دان هاوسه‌نگی له نێوان واشنتن و مۆسكۆ نیشان بده‌ن.