مەسرور بارزانی و کۆنسوڵی گشتی کوەیت کۆبوونەوە

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی کۆتایی هاتنی ئەرکەکانیەوە پێشوازی لە کونسوڵی گشتی کوەیت کرد و رایگەیاند، سوپاسی هەوڵ و کۆششی دەکەین بۆ کارکردن لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنەدا.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (21ی تەممووزی 2022) پێشوازی لە عومەر ئەلکەندەری کونسولی گشتیی دەوڵەتی کوەیت لە هەرێمی کوردستان کرد، کە بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی کردبوو.
 
لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئاماژەی بەوەداوە “وێڕای ئاماژەدانمان بە پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و کوەیت، سوپاسی هەوڵ و کۆششی کونسولی گشتی کوەیتمان کرد، بۆ ئەو ماوەیەی کاری لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە کردووە، هیوای سەرکەوتنیشمان بۆ خواست لە ئەرکەکانی داهاتوویدا”.
 
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، کونسولی گشتیی کوەیت، سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە، بۆ هاریکاری و هەماهەنگیی بەردەوامیان لەگەڵ کونسوڵخانەی وڵاتەکەی.
 
کوەیت یەکێکە لە وڵاتانی دراوسێی عێراق و دەکەوێتە سەر کەنداوی عەرەبی، بەهۆی هێرشکردنە سەر وڵاتەکە لە ساڵی 1991 دا پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و کوەیت ئاڵۆزی تێکەوت و دوای رووخانی رژێم لە ساڵی 2003 دا، پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق ئاسایی کردەوە.

665