دیندار زێباری: حكومەت هەنگاوی كردەیی ناوە بۆ باشتركردنی ڕەوشی گرتووخانەكان

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان بەدواداچوونی حكومەتی هەرێمی سەبارەت بە ئەو دۆسیانەی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هاتوونە خستەڕوو
ڕۆژی ٢٠ ی تەمموزی ٢٠٢٢ د. دیندار زێباری ڕێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تەلاری ئەنجوومەنی وەزیران كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی سازكرد. مەبەست لەو كۆنگرە ڕۆژنامەنووسییە تیشكخستنە سەر ناوەڕۆكی ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بوو تایبەت بە ڕەوشی مافی مرۆڤ لە عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١، هاوكات خستنەڕووی هەنگاوە كردەییەكانی حكومەت سەبارەت بە تێبینی و ئەو سەرنجانەی لە ڕاپۆرتەكەدا هاتوون. 
لە دەستپێكی قسەكانیدا، د. دیندار زێباری ئاماژەی بە هەماهەنگی نێوان نووسینگەی ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان و كونسوڵخانەی گشتی ویلایەتە ئەمریكا كرد و گوتی، “پەیوەندییەكانمان لەگەڵ كونسوڵخانەی گشتی ئەمریكا لەسەر بنەمای هاوبەشی و هەماهەنگی بەردەوامە. بەر لە دەرچوونی ڕاپۆرتەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە چەند مانگێك، پرسیار و تێبینی ئاڕاستەی نووسینگەی ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان دەكرێت بۆ مەبەستی بەدواداچوون و خستنەڕووی هەڵوێست و هەنگاوە كردەییەكانی حكومەت لە بوارە جیاجیاكانی مافی مرۆڤ و حوكمڕانی دروست. نووسینگەكەمان ڕاوێژ بە دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەت دەكات و دوای دەرچوونی ڕاپۆرتەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، وەڵامەڕاپۆرتی حكومەتی هەرێم بۆ لایەنە نێودەوڵەتییەكان و ڕای گشتی بەردەست دەكات.”
دواتر ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان ئاماژەی بە چەند تەوەرێكی بەدواداچوونی نووسینگەی ڕێكخەر كرد كە لەژێر ڕۆشنایی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان ئامادەكراوە و ڕایگەیاند، “هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی پلانی هەرێمی بە بڕیاری سكرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە ٦٩٠٠ لە ڕێككەوتی ١٢/٥/٢٠٢٢ گشتاندنی بۆ كراوە. ئەم گشتاندنە ئەركی تەواوی دامەزراوەكان لە جێبەجێكردنی پلانەكە دیاریدەكات. پلانەكە ڕەنگدانەوەی بەرنامەی كابینەی نۆیەمە بۆ چاكسازی. پلانی هەرێمی دەپرژێتە سەر تەواوی ئەو تەوەرانەی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ئەمریكا باسكراون و نەخشەڕێگا بۆ چاكسازی لە كایەكانی مافی مرۆڤ دادەڕێژێت و چارەسەر دەخاتەڕوو.”
هەروەها، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان ئاماژەی كرد بەوەی كە هەر تەوەرێك لە وەڵامەڕاپۆرتی نووسینگەی ڕێكخەر بە بەندەكانی پلانی هەرێمی دەوڵەمەندكراوە و ئاستەنگەكان و میكانیزمی لابرندیان خراوەتەڕوو.
سەبارەت بە هەڕەشەكانی داعش، د. دیندار زێباری ڕایگەیاند، “لە نێوان ٢٠١٤ بۆ ٢٠٢٢، هاوپەیمانان ٩،٣٣١ هێرشی ئاسمانیان ئەنجامداوە، ١٢،٠٥٣ تیرۆرستیان كوشتووە، ٢،٦٠٤ چەكی قورسییان تێكشكاندووە، ٢،٢٩٩ ئامرازی هاتووچۆكردنی تیرۆرستانیان ڕوخاندووە، و ٧،٢٥٦ سەنگەر و شوێنی مانەوەی تیرۆرستان بە ئامانجگیراون. هەروەها، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ەوە تا مانگی ٤ی ٢٠٢٢، داعش ٢٨٣ هێرشی لە ناوچە جێناكۆكەكان ئەنجامداوە، كە تێیدا ٣٩٩ شەهید و ٥٣٩ بریندار و ٤٠ ڕفێندراوی لێكەوتۆتەوە.”
بۆردوومانە سنوورییەكانیش بەردەوامیان هەبووە. لەم ڕووەوە، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان ڕایگەیاند، “لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ەوە تا مانگی ٤ی ٢٠٢٢، ١٣٨ مووشەكی ئاسمانی، ٢١٤ تۆپ و ٧ ئۆپەڕاسیۆنی زەمینی لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە لە خاكی هەرێمی كوردستان ئەنجامدراون.”
حكومەت هەنگاوی كردەیی ناوە بۆ باشتركردنی ڕەوشی گرتووخانەكان. لەم بارەیەوە، د. دیندار زێباری گوتی، “گرتووخانەكان لەژێر چاودێری لایەنە ناوەخۆیی و نێودەوڵەتییەكانە. لە ساڵی ٢٠٢١دا، ٨٥ سەردان بۆ ئەو گرتووخانانە ئەنجامدراوە كە لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتی ناوەخۆن. ڕێكخراوەكان، داواكاری گشتی، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هاریكاری عێراق (یۆنامی)، و كۆمیتەی خاچی سووری نێودەوڵەتی، سەردانیان بۆ ئەم یەكانە هەبووە. لە ساڵی ٢٠٢١، ڕێكاری یاسایی بەرامبەر بە ٤ كارمەندی جێبەجێكردنی یاسا گراوەتەوەبەر كە توندوتیژییان بەرامبەر بە زیندانییەكان كردووە. ڕێكارە یاساییەكان خۆیان لە ئاگاداری، بڕینی سەرمووچە بۆ چەند مانگێك و گواستنەوەی ئەرك بینیوەتەوە. هاوكات، ڕێنمایی ژماری ١ (٢٠٠٨) كارایە، كە تێیدا چەند مافێك بۆ بەندكراوان دەستەبەركراوە، لەوانەش پەروەردە، سەردانی ئاسایی، و چاودێری تەندروستی.”
سەبارەت بە ئازادی ڕادەربڕین، د. دیندار زێباری ڕایگەیاند، “لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا، ١،٢٥٩ میدیای دیجیتاڵی و چاپەمەنی مۆڵەتییان وەرگرتووە: ٥٠ ماڵپەڕ، ١٣٨ وێستگەی ڕادیۆ، ٩٥٨ ڕۆژنامە و گۆڤار، ٣١ كەناڵی ئاسمانی، و ٨٥ كەناڵی ناوەخۆ هەن. بە گوێرەی ئەم ژمارانە، دەكا لە كۆی هەر ٧٧٨ هاووڵاتییەك دانەیەكیان ڕۆژنامەنووسە و بۆ هەر ٤،٩٠١ كەسێك ناوەندێكی میدیایی هەیە. هاوكات، لە ساڵی ٢٠٢١، ٣١ كەس سزادراون بەهۆی بەكارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان.”
لە كۆتایی قسەكانیدا، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان گوتی كە حكومەتی هەرێم ڕاسپاردەكانی هاوتا نێودەوڵەتییەكان بە هەند وەردەگرێت و بەدواداچوون دەكات. هەروەها، دووپاتی دەكاتەوە كە بەدواداچوونی نووسینگەی ڕێكخەر بە چڕوپڕی باسی لە هەنگاوە كردەییەكانی حكومەتی هەرێم كردووە سەبارەت بەو تەوەرانەی تایبەت بە ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان.