وەرزشی شاخەوانی لە هەرێم

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

ماوەی چەند ساڵێکە وەرزشی شاخەوانی و بەچیاداهەڵگەڕان لە کوردستان بووەتە خولیای بەشێکی زۆر لە خەڵک، کچان و ژنانیش بە ڕێژەیەکی زۆر بەشداری تێدا دەکەن، چەندین کەس لە شار و ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان کۆبونەتەوە بۆ شاخەوانی بە کۆمەڵ بە مەبەستی ئەنجامدانی چالاکی وەرزشی و تەندروستی و بەسەر بردنی کاتێکی خۆش.

شاخەوانی یان شاخڕەوی؛ ئەو چالاکییە وەرزشییەیە کە خۆیی دەبینێتەوە لە پیادەڕەوی کردن و بە شاخدا هەڵگەڕان بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ و سەرکەوتن بەسەر هەورازونشێویەکاندا.
ئەم وەرزشە لە زۆرێک لە وڵاتانی دنیادا گرنگیەکی زۆری پێ دەدرێت و ساڵانە چەندین شاخەوانی توانا سەرکەشی دەکەن بۆ گەیشتن بە لوتکەی چیا بەرزەکانی جیهان.
هەرێمی کوردستانیش بە هۆی بوونی ژمارەیەکی زۆر لە چیای سەخت و هەورازونشێوی، بە ناوچەیەکی لەبار دادەنرێت بۆ ئەم جۆرە وەرزشە. ماوەی چەند ساڵێکە ئەم وەرزشە لە هەرێمی کوردستان بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە و گرنگییەکی زۆری پێ دەدرێت؛ ئێستاکە چەندین گروپ و ڕێکخراو لە شارەکانی هەرێمی کوردستاندا پەیدا بوونە کە ڕۆڵێکی بەرچاویان گێڕاوە لە بەرەوپێشبردن و ناساندنی ئەم وەرزشە بە خەڵکی ناوچەکە.
زۆر جار ئەم وەرزشە سەرکێشیە و دوچاری رێگای سەخت دەبنەوە، بەڵام ڕێگەی سەخت هەرگیز کۆڵیان پێ نادا و بەردەوام دەبن بە گەیشتن بە لوتکە. شاخڕەوەکان؛ وەک چۆن رێرەوەکەیان رێک خراوە، کەلوپەل و پێڵاو و گۆچانەکەی دەستیشیان تایبەتە بەو وەرزشە. سەرەڕای ئەمەش، هەر تیمێک پزیشکی تایبەتی لەگەڵدایە کە سوودی ئەو وەرزشە ئەوان باشتر درکی پێ دەکەن.
لە شاخەوانی، شاخڕەوانی شارەزا لە پێشەوە و تواناکانیش لە دواوە، هەمیشە بە بێتەل پەیوەندییان دەبێت. لە ناوەڕاستیشدا شاخەوانی تازە و بەساڵاچوو هەن.
وەرزشی شاخڕەوی جگە بەسەربردنی کاتێکی خۆش چەندین سوودی تەندروستیی هەیە لەوانە:
١- شاخەوانی کاریگەری هەیە لەسەر دەمارەكانی مرۆڤ بەشێوەیەک کە لە كاتی ئاسایی و حەسانەوەدا، دەمارەکان بە رێژەی ١٥٪ كراوە و كاریگەر دەبن، كەچی لە ڕۆیشتنی شاخەوانیدا ٩٥٪ی جەستە كار دەكات و دەكرێنەوە و ڕێژەی ئۆكسجین بە خێرایی دەگەیێنێتە مێشك و ماسوولكە و دەمارەكان.
٢- شاخەوانی كاریگەری لەسەر جۆرەكانی نەخۆشی شەكرە هەیە و پێشیان لێ دەگرێت: لە کاتی شاخەوانیدا ئە پێکهاتانەی لەناو خوێندا هەن (شەكر، چەوری، پرۆتین) بە شێوەیەكی زۆر ڕێكوپێك كاری خۆیان دەكەن و ئەو سووتان و چاككردنەوەیە ڕێگرە لە توشبوون بە نەخوشیی شەكرە.
٣- كاریگەری شاخەوانی لەسەر لە تواندنەوەی چەوریی جەستە و هێنانەخوارەوەی كێشی مرۆڤ: ئەو كالۆرییەی كە كەسێك لە میانی وەرزشی شاخەوانیدا لە یەك كاتژمێردا دەیسووتێنی ٥٠٠ هەندەی ئەو كالۆرییەیە كە كەسێک لە کاتی ئاساییدا دەیفەوتێنێ و جەستە بە سووتانی ئەو کالۆرییە لە چەوریە زیادەکان ڕزگاری دەبێت.
٤- كاریگەری شاخەوانی لەزیادبوونی خوێن لە ماسوولكەكان: لە كاتی شاخەوانیدا ڕێژەی خوێن لە جەستەی مرۆڤ ٢٠ بەرامبەر زیاد دەكات و پڕبوونی ماسوولكەكان بە خوێن و وا دەكات كە خواردنی پتر بگاتە جەستە و ماسوولكەكان و بەمەش ماسوولكەكان بەهێزتر دەبن.
٥- وەرزشێكی زۆر باشە بۆ بەهێزبوونی دڵ و ماسوولكەكان.
٦- شاخەوانی زۆر كاریگەری لەسەر ئێسك هەیە و ناهێڵێت بپووكێتەوە: شاخەوانی، ڤایتامین (D)ی پتر دەگەیێنێتە جەستەی مرۆڤ بەهۆی ئەوەی كە كەسی شاخەوان لە بڵنداییەکانەوە زیاتر تیشكی خۆری لێ دەدات و لە ئارتروزی پووكبوونی ئێسقان دەیپارێزێ.
٧- شاخەوانی دڵەڕاوكێ و پەشۆكانی مرۆڤ زۆر كەم دەكاتەوە و مرۆڤ دڵخۆش دەکات لەبەر هەڵكشانی ڕادەی (ئێندرۆفین – endorphin) لە ناو دەمارەكانی جەستەی مرۆڤ و لە ئەنجامی شاخەوانیدا، ئەو گرژی و پەشۆكانەی هەیەتی زۆر كەم دەبێتەوە.
٨- شاخەوانی بەدهزری و هەستی نەرێنی لە لای مرۆڤ ناهێلێت: لە توێژینەوەیێكدا باس لە كاریگەری هێوركەرەوە و بیر كردنەوەی باشی شاخەوانی دەكات و دەركەوتووە كە كات بەسەربردن لە ناو سرووشتدا ڕێژەی بیركردنەوەی نەرێنی، كە زۆر كەس بە دەستیەوە دەناڵێنن، لە لای مرۆڤ كەم دەكاتەوە؛ ئەو كەسانەی كە ٩٠ خولەك بە پێ دەڕۆن ئەو بەشە مێشكەیان كە پەیوەستە بە نەخوشییەكانی مێشك چالاكییەكەی كەم دەبێتەوە و ئەوانەش كە لە شارەكاندا چالاكی دەکەن هیچ گوڕانكاریەک لەو بەشەی مێشكیاندا ڕووی نەداوە.
٩- بەبێ پشتبەستن بە تەکنەلۆژیا، شاخەوانی توانای داهێنان و چارەسەری كێشەكان لە كن مرۆڤ پتر دەکات و مێشكی مرۆڤ پارسەنگ دەكات؛ تاقیكردنەوە لە سەر چەند كەسێك كرا، چوار ڕۆژ لە سرووشتدا بەبێ یارمەتی تەکنەلۆژیا مانەوە. دەركەوت بە ڕێژەی ٥٪ لە پێشان ئاگاییان زۆر تر بوو توانای داهێنانیان پتر بووە؛ چونکە ژیان لە شارەكان ئاگایی مرۆڤ كەم دەكاتەوە.

ھەواڵی زیاتر