وەزیرى ڕۆشنبیرى و لاوان: لە 3 ساڵی رابردوو 92 کتێبخانەی گشتی نۆژەن کراوه‌ته‌وه‌

وەزیرى ڕۆشنبیرى و لاوان بەبۆنەی تێپەربوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، باسی لە گرنگترین کار و چالاکییەکانی وەزارەتەکەی كرد.

ده‌قی وته‌كانی حەمەی حەمە سەعید وەزیرى ڕۆشنبیرى و لاوان:-

ئەم وەزارەتە پەیوەندی بە هەموو چین و توێژەکانی ئەدەبی و رۆشنبیری لە نووسەران و ئەدیبانەوە لە هەرێمی کوردستان دا هەیە.

ئێمە لە ماوەى سێ ساڵی ڕابردوودا لە ڕووى کارگێڕییەوە توانیومانە ڕۆتین کەم بکەینەوە

توانیمانە لە ڕووى چاکسازییەوە پێداچوونەوە بە دۆسییەی فەرمانبەراندا بکەین و لە کۆی 6 هه‌زار 858 دۆسییە، 6 هەزار 168 دۆسییە تەواو بوونە و پێداچوونەوە بە بڕی جیاوازى مووچەکەیان کراوە.

لە ڕووى کار و چالاکییەوە فێستیڤاڵە کوردستانییەکانمان ڕێک خستووەتەوە کە بەمەش نزیک پێنج ملیار دینار گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی حکوومەت.

جۆرێک لەو پشێوییەى کە لە چاپى کتێبدا هەبووە، ژمارەی سپاردنمان ڕێک خستووەتەوە بۆ ڕزگاربوون لە بێسەروبەری و چاپکردنی کتێب و لەو سێ ساڵەشدا 8000 ژمارەى سپاردن بەخشراوە بە نووسەران بۆ چاپکردنی کتێبى جۆراوجۆر بۆ ئەوەى چاپ بکرێن لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان.

ـ بەکرێدانى یاریگاکانمان ڕێک خستووەتەوە و بەمەش 400 ملیۆن دینار گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەى حکوومەت.

ـ لە پێداچوونەوەی سەرفی پایتەختی ڕۆشنبیری بە فایلی سەرفەکاندا چووینتەوە هەندێک کەیس دراونتە دادگا و یەکلایی نەکراونەتەوە تا ئێستا وە ئەو پارەیەی وەریان گرتووە بۆ ئیشەکان جێبەجێ یان نەکردووە گەڕێنراوەتەوە کە 138 ملیۆن دینار بووە بۆ خەزێنەى حکوومەت و هەر لەم چوارچێوەیەشدا چەندین کەیس دراونەتە دادگا و چاوەرێی یەکلاکردنەوەیان دەکەین.

ـ لە ڕووى کارى ڕێکلامى بازگرانییەوە، ڕێگریمان کردووە لە بەکارهێنانى خراپ و نایاسایی بەرهەم و ئاوازی هونەرمەندان کە ئەمەشمان لەپێناو پاراستنى مافى هونەرمەندان و پارستنى هونەرى کوردى کردووە کە سەرمایەیەکى گەورەى نیشتمانی ئێمەیە.

ـ ڕێبەری کاری میدیاییمان ئامادە کردووە لە چوارچێوەى کارى میدیایی لەسەر پڕەنسیپە پیشەیی و ماف و ئازادییەکان کارى تێدا کراوە و بەمەش دەکرێت بڵێین جۆرێک لە هەرومەرجى میدیایی و ڕێکلامى بازرگانى چارەسەر کراوە..

ـ لە کتێبخانە گشتییەکانی سەر بە وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوان کە 92 کتێبخانەی گشتی، هەوڵمان داوە نۆژەن بکرێنەوە و رێک بخرێنەوە و هەوڵ دراوە هەل بۆ هاووڵاتییان برەخسێنرێ بۆ وەرگرتنی زانیاری لە سەرچاوە و لە کتێبەکاندا، بەمەش ژمارەی 114 هەزار و 166 کەس لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا لە خوێندنەوە و سەرچاوەکان سوودمەندبوون..

ـ پێداچوونەوەمان بە دۆسییەی ئەو هونەرمەندانە کردووە کە پێشتر پارەیان وەرگرتووە و کارەکانیان ئەنجام نەداوە و یا بەرهەمەکانیان دیار نییە و بەمەش بڕی یەک ملیار و 681 ملیۆن دینار گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.

ـ ئێمە وەک وەزارەتیش بەردەوام کار و چالاکیمان هەبووە لە بواری ڕۆشنبیری گشتیدا، لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا توانیومانە نزیکەى 4 هەزار چالاکیمان لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان لە هەموو بوارە جیاوازەکان رۆشنبیریدا ئەنجام بدەین لەوانە موزیک، شانۆ، شێوەکاری، پێشانگەی فۆتۆگرافی، سینەما، کۆنفڕاس و سیمینار، دیدار و پەیوەندی، یاد و پەیام.

 ـ سەبارەت بە گرنگیدان بە زمانی کوردی هەنگاوی باش نراوە، یەکێک لەو هەنگاوانە بۆ نموونە لەساڵی 2016 بۆ 2017 وەزارەتی خوێندنی باڵا لە حکوومەتی هەرێم بڕیاری دابوو بۆ خوێندکارانی پۆلی شەش بۆ دکتۆرا و هەندەسە نمرەی  کوردی حیساب نەکرێت یان زمانی کوردی تەرک بێت لە تاقیکردنەوەکاندا، وەزارەتی ڕۆشنبیری ئەمەی بە جۆرێک لە سووکایەتی بە زمانی کوردی داناوە و لە یاسای وەزارەتیشدا وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بەرگریکارە لە زمان و پاراستنی زمانی کوردی بۆیە پێشنیارمان کرد بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە بەخۆشحاڵیەوە سەرۆک وەزیران و ئەنجوومەنی وەزیران پێیان باش بوو کە بڕیارەکە هەڵبووەشێتەوە.  

ھەواڵی زیاتر