لەم كابینەیەدا ٢٢ملیار دینار تەرخان كراوە بۆ دامەزراندنی بەنداو

یەكێك لەو بوارانەی، ئەم كابینەیە گرنگی پێیداوە، سامانی ئاو بووە، ئەویش لە رێگەی دروستكردنی چەند بەنداوێك، تا بتوانن ئاو گل بدەنەوە و هەرێمی كوردستان تووشی بێئاوی نەبێت، لەو رووەشەوە سەركەوتوو بوونە.

لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یەكێك لەو كێشە گەورانەی رووبەڕووی مرۆڤایەتی بووەتەوە، نەبوونی ئاوی پاكە، بەگوێرەی ئەو هۆشیارییەی نەتەوە یەكگرتوەكان داویەتی، تا ١٠ ساڵی تر، بەشێكی زۆری وڵاتانی رۆژهەڵات، لەبەر بێئاوی هاووڵاتیانیان كۆچ دەكەن.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەستی بەو مەترسییە كرد، بۆیە پلانی دانا تا بتوانن رووبەڕووی بێئاوی ببنەوە.
بەگوێرەی ئەو پلانەی دانراوە، دروستكردنی چەندین بەنداوی تازەیە، هەروەها تەرخان كردنی پارەیەكی زۆرە، بۆ ئەو بەنداوانەی كە پێشتر دەست بە دروستكردنیان كرابوو، پاشان لەبەر قەیرانی دارایی كاركردن تێیدا وەستابوو.
ئەم كابینیە، ٢٢ ملیار دۆلاری بۆ دروستكردنی چەند بەنداوێكی تازە و دەستكردنەوە بەكاركردن لەو بەنداوانەی كاركردن تێیدا وەستابوو، بۆ نموونە بەنداوی گۆمەسپان، كە ئێستا كاركردن تێیدا دەستپێكردووە و چاوەڕێ دەكرێت لە ٢٠٢٤، بەنداوەكە كۆتایی بەكارەكانی بێت.
جیا لەوەش، لەرێگەی وەزارەتی كشتوكاڵەوە، داوا لە كۆمپانیاكان كراوە، تا سێ بەنداوی زۆر گەورە و ستراتیژی دروست بكەن، ئەویش بە سیستەمی PPP كە ئێستا دروستكردنی بەنداو لە جیهاندا بەو سیستەمە كاری لەسەر دەكرێت.
بەهۆی ئەوەی لە ٢٠٢١، هەرێمی كوردستان دووچاری وشكەساڵی بووەوە، ئەمەش كاریگەری هەبوو تا ئاوی ژێر زەوی كەم بێتەوە، بۆیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تەنیا بۆ شاری هەولێر و بۆ رزگاربوون لە كەمئاوی بڕی ٧ ملیار دیناری تەرخان كرد، ئەو پارەیەش بۆ لێدانی بیری تازە و هەروەها كڕینی ئاوی پاك بوو بۆ ئەو ماڵانەی كە بێئاون.
ئەم هاوینە هەولێر تا ئاستێكی زۆر كەمئاوی بەخۆیەوە نەبینیوە و ئاو بەشێوەیەكی سیستەم و نۆرە بۆ ماڵان دێت و كێشەی كەمئاوی بوونی نییە، ئەوەی هەیە، شكانی بۆڕی ئیفراز سێی هەولێر بوو، ئەویش بە دابینكردنی بڕی ٢٠ ملیار دینار بۆ چاككردنی بە تەواوەتی، كێشەی شكانی ئەو بۆڕییە لە داهاتوویەكی نزیك چارەسەر دەبێت.
بۆ دهۆك و سلێمانیش بە هەمان شێوە، پارەیەك دابین كرا بۆ ئەوەی بتوانن ئاوی پاك بۆ ماڵان دابین بكرێت و هیچ ماڵێك بێئاو نەبێت و لەوەشدا سەركەوتوو بوون.
بەگوێرەی ئەو داتایەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڵاوی كردووەتەوە، لە مانگی ٨ی ئەمساڵ، دەست دەكرێت بە دروستكردنی ئاوی ئیفراز چواری هەولێر، كە لەزێی گەورەوە ئاوی پاك بۆ ماڵان دابین دەكەن.
ئەگەر (ئاوی ئیفراز ٤) دەست پێبكات و كارەكانی بە كۆتا بێت، ٦٠٪ی ئاوی هەولێر دابین دەكات، هەروەها ٧٠٪ی بیرەكانی هەولێر دادەخرێن، ئەمەش وا دەكات كە ئاوی ژێر زەوی زۆر بێت و بۆ نەوەكانی داهاتووی هەڵبگیرێت و سوودی لێ ببینن.
دروستكردنی ئاوی ئیفراز چوار، پڕۆژەیەكی گەورەی ستراتیژییە بۆ هەولێر، كە بە بڕی ٧٠٠ملیۆن دۆلار دروست دەكرێت و لە ماوەی سێ ساڵیش هەموو كارەكان بە كۆتا دێت.

ھەواڵی زیاتر