کارەکانی حکوومەتی هەرێم لە ئاست داخوازیەکانی ھاووڵاتییان بووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

دوای تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر پێکھێنانی کابینەی نۆیەم، چین و توێژەکانی کوردستان دەڵێن، ئەو کابینەیە دەستی بۆ پرسە ھەستیارەکان بردووە و بە کردار سەڵماندوویەتی کە خزمەتکاری خەڵکە، لەگەڵ ئەوەی توانی ھەنگاوی جددی بنێت لە رووی رێکخستنەوە و زیادکردنی داھاتی ناوخۆ.

کابینەی نۆیەم رۆژی ھەینی١٠-٧-٢٠٢٠ بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی پێکھات، لەو ماوەیەدا سەرەڕای ئاستەنگە سیاسییەکان، تەندروستی و ئابوورییەکان، توانیویەتی یاسای چاکسازی بباتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە، کە بەرھەمی ئەم یاسایە بۆتە ھۆی بەدیھێنانی دادپەروی بۆ مووچەخۆران، فەرمانبەران و خانەنشینان، جگە لەوەی بە سەدان پرۆژەی ستراتیژی بخاتە واری جێبەجێ کردنەوە، کە لە ھەموویان گرنگتر بڕیاری دروستکردنی ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بوو بۆ ھەژار و کرێنشینان، لەگەڵ ئەوەی بە جددی رووبەڕووی گەندەڵی بۆتەوە، تەنھا لەو سێ ساڵەدا ٨٨٤ پڕۆژە ئەنجام دراون، ئەمەش بە بەراورد بە تەمەنی پێکھێنانی کابینەکە ژمارەیەکی یەکجار زۆرە.
مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ دەست بەکاربوونی، ھێڵە گشتییەکانی بەرنامەی کاری کابینەکەی ڕاگەیاند و جەختی لەسەر کۆتایی ھێنان بە گەندەڵی، ئەنجامدانی چاکسازی، سەروەری یاسا، نەھێشتنی نادادی کۆمەڵایەتی کردەوە.
رێبوار بابکەیی، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی کوردستان بە “ھەولێر”ـی راگەیاند، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەبووە وەزیرەکانی بنێرێتە پەرلەمانی کوردستان لەسەر داخوازی پەرلەمانتاران و لیژنەکانی پەرلەمان، بۆیە لە کابینەی نۆیەمدا زۆرترین وەزیر بەشداری دانیشتنەکانی پەرلەمانی کردووە، ئەمەش دەرخەری ئەو راستیەیە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، حکوومەتیکی شەفاف بووە و ھەموو داتا و زانیاریەکانی داوەتە پەرلەمانتارانی کوردستان کە نوێنەرایەتی خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکەن”.
بابکەیی، روونیشیکردەوە:” پەرلەمانتارانی ھەرێمی کوردستان ٤ ھەزار و ٣١٣ پرسیاریان ئاراستەی وەزیرانی حکومەتی ھەرێم کردووە، لەو ژمارەیەش حکوومەت وەڵامی ٣ ھەزار و ٨٦٢ پرسیاری داوەتەوە و تەنیا ٤٥١ پرسیار بێ وەڵام ماونەتەوە، زۆربەی ئەو پرسیارانەی وەڵام نەدراونەتەوە بەھۆی بابەتی رۆتینیەوە وەڵام نەدراونەتەوە”.
سەرکەوت سەباح، شارەزا لە بواری ئابووری، بۆ “ھەولێر” دەڵێت:” مەسرور بارزانی، سەرۆکی کابینەی نۆیەم توانی بەسەر ھەموو ئەو کێشە و ئاستەنگانە زاڵ بێت کە رۆژانە رووبەڕووی دەبوونەوە، بەتایبەتی بەغدا کە ھەر رۆژە و بە بیانۆیەک کێشە بۆ ھەرێم دروست دەکات، بەڵام ھەموو ئەمانە نەبوونە ڕێگر لەبەردەم حکوومەتی ھەرێم و دەستکرا بە چاکسازی و زیادکردنی داھات و بەردەوامبوون لەسەر ئەرک و چالاکییە خزمەتگوزاریەکان، دڵنیاین بەردەوامی حکوومەت لەسەر ئەرک و ھەوڵەکانی چاکسازی، پاڵپشتی و دەستخۆشی جەماوەر بەرەو ھەڵکشانی زیاتر دەچێت، لەھەمانکاتدا ھەنگاوی جوانتر و بەھێزتر دەبینرێن بۆ پێشکەوتنی کوردستان لە گشت بوارەکانەوە.
ئەو ئابووریناسە، دەشڵێ:” بەھۆی رێگری کردن لەبەھەدەردانی سامانی گشتی و داھاتی ناوخۆی و زیادکردنی خێرای داھات کە بەڕێژەی ١٠٠% زیادی کردووە ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کارنامەکەی سەرکەرتوو بووە لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و بەھێزکردنی ژێرخانی ئابووری ھەرێمی کوردستان، بۆیە کابینەی نۆیەم بە ھەموو پێوەرێک لە ئاست داخوازیەکانی ھاووڵاتییان بووە، لەو کابینەیەدا کێشەگەلێک چارەسەر کران و چەندین بەربەست پووچەڵکراونەتەوە.
ھۆزان خورشید، چالاکوانی سیاسی، بۆ “ھەولێر” گوتی:” لە سەرەتای پێکھێنانی کابینەی نۆیەم، توشی ھەلومەرجێکی دژوار بوویەوە، ئەگەر ھەر کەسێکی دیکە سەرۆکایەتی ئەم کابینەیەی کردبایە، نەیدەتوانی ئامانج و پەیامەکەی بگەیەنێت، بەڵام بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، بە خۆڕاگرییەکی زۆر و بڕوایەکی قوڵەوە، توانی بەردەوام بێت لە کاروانی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری.
ئەو چالاکوانە، دەشڵێ:” کابینەی نۆیەم دەستی بۆ زۆر مەلەفی ھەستیاری برد، لەگەڵ ئەوەی چاکسازی کرد، ڕووبەڕووی ھەموو جۆرە گەندەڵییەکی دارایی و کارگێڕی بۆتەوە و رێگربووە لە بەھەدەردانی سامانی گشتی، چاکسازی لە سیستەمی باجی کرد و دادپەروەری لە وەرگرتنی باج جێگیر کرد و ھەموو رێکارێکی یاسایی و کارگێڕی گراوەتەبەر بۆ رێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە باج و میکانیزم و پێوەری تازە، دەوامی رێکخستەوە، کاری کرد بۆ نەھیشتنی ڕووتین و خێراکردنی ڕاپەراندنی ئیش و کاری ھاووڵاتییان، لەگەڵ ئەوەی بە ھەزاران پڕۆژەی جێبەجێ کردووە، پرۆژەکانیش لە ھەموو شاروشارۆچکەکان بوونە، بۆیە بە ھەموو پێوەرێک کابینەی نۆیەم سەرکەوتوو بووە.

ھەواڵی زیاتر