دانوستانەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی عێراق دەست پێ دەکەنەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

پشووەکانی جەژن کۆتایی هات و ڕێکار و هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق و کۆبوونەوەی پەرلەمامی عێراق خێراتر دەبن. لایەنە شیعەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی وێڕای پێداچوونەوە بە کاندیدەکانیان، چاوەڕوانییان لایەنەکانی هەرێمی کوردستان هەیە تا کەسێک بۆ سەرۆک کۆمار بپاڵێون، بەڵام تا ئەم ساتە یەکێتی و پارتی لەسەر هیچ کاندیدێکی هاوبەش ڕێک نەکەوتوون.

دوو ڕووداو لە ماوەی ڕابردوودا کاریگەریی خستبووە سەر ڕەوتی دانوستانەکان لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەر دوو ڕووداوەکەش تێپەڕین، بۆیەش چاوەڕوانی هەنگاوی نوێی لایەنە سیاسییەکان دەکرێت.
وەک ئاشکرایە حكوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی هەفتەیەک لە پشوودا بوون و دانوستانەکان بە شێوەیەکی کاتیی هەڵپەسێردرابوون. لە لایەکی ترەوە بانگەوازی موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر بۆ بەڕێوەبردنی نوێژی هەینی لە بەغدا و کۆکردنەوەی لایەنگرانی بە تەواوی سێبەری خستبووە سەر ڕووداوە سیاسییەکان و هەموو لایەنەکان بە تایبەتی چوارچێوەی هاوئاهەنگی چاوەڕوانی ئەوە بوون ئەوە کۆبوونەوە جەماوەرییە کۆتایی بێت بۆ ئەوەی نەخشەرێگایەکی نوێیان بێتە پێش چاو.
نمایشی جەماوەری ڕۆژی هەینی موقتەدا سەدر نەبووە هۆی داخستنی دەرگاکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق بەڵام کۆمەڵێک مەرجی بۆ ئەوە دیاری کرد، حکوومەتی داهاتووی عێراق چۆن بێت و بە چ شێوەیەک دابمەزرێنرێت و بە شێوەیەک لە شێوەکان خەت ونیشانەکانی خۆی دیاری کرد. لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە لەبەرچاوگرتنی مەرجەکانی سەدر بۆیان هەیە هەنگاوی تر بنێن، بەڵام ئاستەمە ئەو کاندیدانەی پێشتر بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران ناویان هێنرابوو، دووبارە لە دانوستانەکانی داهاتوودا ناویان بهێنرێتەوە و ئەگەری ڕاگەیاندنی پاڵێوراوی نوێ بۆ سەرۆکوەزیران زیاتر بووە.
لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەرلەوەی هیچ زانیارییەکی نوێ لەسەر هیچ کاندیدێکی نوێی سەرۆک وەزیران ئاشکرا بکەن، ڕووی دەمیان لە کوردستانە و داوایان لە هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی یەکێتی و پارتی کردووە، کاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرکۆماری ڕابگەیەنن.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەدواین ڕاگەیەنراویدا بڕیاری داوە کۆبوونەوەکان بەردەوام بن و لەچەند ڕۆژی داھاتوودا کاندیدی پۆستی سەرۆکوەزیرانیش دیاری دەکەن.
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا تا ئاستێکی باش لە یەکتر نزیک کەتوونەتەوە و چەند جارێک دانوستانیان لەگەڵ یەکتردا هەبووە بەڵام دەرەنجامی هەموو ئەو دانوستان و کۆبوونەوانە چ لە سلێمانی و چ لە پیرمام، ئاکامەکەی دەستنیشانکردنی پاڵێوراوێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرکۆمار نەبووە، کێشەیەک کە بێ کاریگەر نەبوو لە پەکخرانی هەوڵەکانی سەدر بۆ پێکهێنانی حکوومەت و بەهۆی بەشدارینەکردنی یەکێتی لە کۆبوونەوەی پەرلەمان و هاوهەڵوێستی ئەو حزبە لەگەڵ لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، هیچ کاتێک ژمارەی ٢٢٠ پەرلەمانتار کۆ نەبووەوە تا ڕێکاری یاسایی هەڵبژاردنی سەرکۆمار دەست پێ بکات.
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی هەنگاوەکانی پێکهێنانی حكوومەتی عێراق بۆ میدیاکان باسی لەوە کردووە کە ئەگەر ڕێک کەون، ئەوا تا کۆتایی ئەم هەفتەیە دەبێت پەرلەمانی عێراق کۆ ببێتەوە و هیواشی دەربڕیوە دانوستانی جیددی دەست پێ بکاتەوە.
جێی باسە ئەگەر یەکێتی و پارتی بە دوو کاندید بەشداری کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بکەن ئەوا بەو واتایە دێت سناریۆی ساڵی ٢٠١٨ دووبارە دەبێتەوە و لەوکاتەشدا بەگوتەی سەبری ئاستەمە پارتی بەمە ڕازی بێت، بۆیەش لەسەر ڕێککەوتن مكووڕ بووە.
ئەگەر پارتی و یەکێتی بە یەک کاندیدی هاوبەش بچنە ناو دانوستانەکانی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق، ئەوا دەستکەوتی زیاتریان بۆ گەلی کورد دەبێت و یارمەتیدەریش دەبن لە بەرەپێشبردنی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و ئەگەرش پێچەوانە بێت ئەوا زیانەکانی زیاتر دەبن.

ھەواڵی زیاتر