ليزا کاکەیی: وەزیر لەباره‌ی پاشەکەوت و پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانه‌وه‌ بانگھێشتی پەرلەمان دەکرێت 

لیزا کاکەیی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، پەرلەمان ژمارەیەک راپۆرتی لەبارەی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی ئامادەکردووە و وەزیری داراییش بانگھێشتی پەرلەمان دەکرێت لەسەر پاشەکەوت و پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران و چەند بابەتێکی دیکەی دارایی.

لیزا کاکەیی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: “لیژنەی دارایی ژمارەیەک راپۆرتی لەبارەی رەوشی دارایی ئامادەکردووە و بڕیارە پەرلەمان کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەو پرسانەوە بەڕێوەببات، کە پەیوەستن بە بابەتی دارایی وەک پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان، ھەروەھا فەرمانبەرانی گرێبەست و چەندین بابەتی دیکەی پەیوەست بە دارایی”.

لەبارەی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران ئەندامەکەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: “حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەوڵدایە بۆ ئەوەی پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەبچێت، چونکە چەند ساڵێکە بەھۆی رەوشی خراپی دارایی و شەڕی داعش پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران راگیراوە، بێگومان ئەمە مافێکی یاسایی فەرمانبەرانە و حکوومەتیش ئەوەی لە توانایدایە بۆ پلە بەرزکردنەوە ئەنجامی دەدات و دەست بە پلە بەرزکردنەوە دەکرێت”.

لیزا کاکەیی دەشڵێت: “وەزیری دارایی بانگھێشتی پەرلەمان دەکرێت لەسەر پاشەکەوت و پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران و چەند بابەتێکی دیکەی دارایی، چونکە پێویستە وەزارەت روونکردنەوە بدات بە پەرلەمان و فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان”.

ھەواڵی زیاتر