وەزارەتەکان چییان کردووە؟
ڕاپۆرتى سێ ساڵ کارکردنى وەزارەتى داد لە کابینەى نۆیەمدا

ئەمە کار و بەرنامە و چالاکییەکانى وەزارەتى دادى هەرێمى کوردستانە لە ماوەى سێ ساڵى ڕابردووى کابینەى نۆیەمدا کە تێیدا هەرچەندە وەزارەتەکە وەزارەتێکى خزمەتگوزارى نییە، بەڵام بە هەرە گرنگترین وەزارەت دادەنرێت لە ڕووى ڕیزبەندییەوە لە لایەن حکوومەت و، لە بواری داد و یاسادا پشتى پێ دەبەسترێت بۆ چەسپاندنی دادپەروەرى لە هەرێمى کوردستاندا؛ بەو بۆنەوە لە ماوەى کاری خۆیدا ئەم کارانەى کردووە:

ـ وەزارەتى داد کە لە (٢٢٥) فەرمانگە و (٤,٤٠٤) فەرمانبەر پێک دێت، لە ساڵی (٢٠٢١) و لە کابینەی نۆیەم توانیویەتى لە ڕێگەى چاکسازى و ڕێکخستنى کارى ئیدارییەوە زیاتر لە ٥٨ملیار دینار بگەڕێنرێتەوە بۆ خەزێنەى حکوومەت.
ـ لە ڕووى توێژینەوەی یاساییەوە کە کۆڵەگەیەکى گرنگى وەزارەتەکەیە، ناوەندی توێژینەوەی یاسایی لە ساڵی ٢٠٢٠ دامەزراوە و گۆڤاری گرێبەستی كۆمەڵایەتی بە سێ زمانی كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی دەرکردووە کە بۆ یاسادانەران و دادوەر و پارێزەران زۆر گرنگە، ئەمە سەرەڕاى چاپکردنى پێنج کتێب و رێکخستنی چەندین ورکشۆپى تایبەت بە یاساى بازرگانى و بەستنی دوو کۆنگرەی زانستی بە شێوەى سەرهێڵ (ئۆنلاین) و هەروەها دەرکردنى (٤٥) ژمارە لە ڕۆژنامەی فەرمی وەقایعی كوردستان.
ـ لە ئەنجومەنی شوورا چەندین چالاکیی یاسایی کراوە؛ لەوانە: (ئامادەكردن و داڕشتن و رادەڕبرین و لێوردبوونەوە). (٦١ پڕۆژەیاسا و ٦٩ ڕادەربڕین و ٢٥ پەیڕەو و ٤٤ ڕێنمایی) دەرچوێنراوە و هەروەها کار لەسەر زیاتر لە (١,٧٠٠) داواى کارگێڕی و دەستەی (انضباطی) فەرمانبەران کراوە.
ـ لە دەستەی سەرپەرشتیاری دادی کە پێشتر و لە ماوەى ٨ کابینەى ڕابردوو (١٠) سەرپەرشتیار بوون، لە كابینەی نۆیەمدا بوونەتە (١٤) سەرپەرشتیار و چوارى دیکەیش زیاد کراون.
ـ لە داواكاری گشتی و لەم سێ ساڵەدا (١,٧٢٦) سەردان و بەدواداچوون هەبووە و کار لەسەر (٧٥) تانە لە بەرژەوەندی یاسا کراوە و ٤٦٤ دۆسیە یەکلا کراونەتەوە و (١,٣٦٣) سكاڵای داوای مافی گشتی لە دادگاکان جووڵێنراوە و بەدواداچوونیش بۆ (١,٦٧٣) كێشەی کۆمەڵایەتی و زیادەڕۆیی و سەرپێچی كراوە.
ـ لە پەیمانگەی دادوەری و لەم کابینەیەدا دوو خول و بە بەشدارى (١٢٠) کەس کراوەتەوە کە تیایدا (٤٧) دادوەر و (١٢) ئەندامى داواکارى گشتى دامەزرێنراون.
ـ لە بوارى تۆماركردنی خانووبەرە و لەم سێ ساڵەدا (١,٨٧٧) تۆماری هەمیشەیی بە ئەلیكترۆنی كراوە كە زیاتر لە (٧٥٠) هەزار مامەڵە لەخۆ دەگرێت و هەروەها سەرجەم تۆمارە كەسییەكان كە ژمارەیان (٨٢٨) تۆمارە، بە ئەلیکترۆنى کراون. هەروەها لە (١١) فەرمانگەی تۆماركردنی خانووبەرە وێنەی تۆمار (صورة قید) بە ئەلیكترۆنی کراوە و (٥٥,٠٠٠) کارتى زەوی کراوە بە سەنەد و ئامادەكاری كراوە بۆ تۆماركردنی (١٩٠,٠٠٠) یەكەی نیشتەجێى وەبەرهێنان و ڕەزامەندییش دراوە بە (٣٧٣) نووسینگەی (عقارات). بەمەش تێدەگەین کە لە ماوەی سێ ساڵی كابینەی نۆیەم، تاپۆ نزیكەی ٥ملیۆن مامەڵەی جۆراوجۆری تێدا کراوە.
ـ گەورەترین پرۆسە کە لە سەرتانسەرى حکوومەتى هەرێمى کوردستاندا کرابێت لە فەرمانگە دادییەكان بووە، کە ئەویش پرۆسەی بە ئەلیكترۆنیكردنی فەرمانگەكانی دادنووسییەکانە و تا ئێستا لە کۆی (٦٨) فەرمانگەی (٥٧) فەرمانگەیان بە ئەلیكترۆنی كراون و بەمەش هەم خزمەتگوزاریى گەورە پێشکەش هاووڵاتیان کراوە و هەمیش لە ڕووى شێوە و کارکردنەوە سیستەمێکى مۆدێڕن و سەردەمیانە خراوەتە بەردەم هاووڵاتیان.
ـ لە ماوەی سێ ساڵی كابینەی نۆیەم، سەرجەم فەرمانگە دادییەكان نزیكەی ٣ملیۆن مامەڵەی جۆراوجۆریان ڕاپەڕاندووە.
ـ لە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، (٤,١٥٨) دۆسیە وردبینی كراون و ئەژمێری بانكی بۆ (٢,٥٩٩) فەرمانبەر كراوەتەوە. زیاتر لە (١٢٠) زیادەی پلە و سەرمووچە کراوە و هەر لە ئەنجامی جێبەجێكردنی ئەم یاسایەدا بڕى زیاتر لە (١٤,٥٠٠,٠٠٠) دینار بۆ خەزێنەی حکوومەت گەڕێنراوەتەوە.
ـ (٤٧٣) ئەندامی داواکاری گشتی لە لیژنەی جیاجیا دانراون بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و لێپرسینەوە لە فەرمانبەرانی سەرپێچیكەر و كەمتەرخەم و هەروەها ليژنەیەکی تایبەت بۆ بەدواداچوونی سکاڵای هاووڵاتیان و فەرمانبەران لە رێگەی سۆشیال میدیا ، ئیمێل، تەلەفۆن، سندوقی سکاڵا دەست بەکار بووە.
ـ هەر لەم ماوەیەدا (١٣) ناوەندى توێژینەوە و تێبینەرایەتیی تۆمارکردنى خانووبەرە و دادگە و بەڕێوەبەرایەتی و بەش و فەرمانگە کراونەتەوە بۆ خزمەتگەیاندنى زیاتر بە هاووڵاتیان.

ھەواڵی زیاتر