تەرمی کوڕی پێشەوا قازی محەمەد لە مهاباد بە خاک دەسپێردرێ

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران رەزامەندی لەسەر ناشتنی تەرمی عەلی قازی، کوڕی پێشەوا قازی محەمەد لە شاری مهاباد دەربڕیوە.

پارێزگاری هەولێر، رایگەیاند کە کاتژمێر ٩ی بەیانیی رۆژی دووشەممە، تەرمی عەلی قازی لە رێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە دەگاتەوە کوردستان و دواتر لە رێوڕەسمێکدا بۆ شاری مەهاباد بەڕێ دەکرێ. 

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەرکی هێنانەوەی تەرمی عەلی قازی لە ئەڵمانیاوە بۆ هەولێر، گرتووەتەئەستۆ. 

رۆژی یەکشەممە، ١٠ی تەمووز، عەلی قازی تاقانەکوڕی پێشەوا قازی محەمەد لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا، لە شاری بۆنی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد. 

سەرۆک مەسعود بارزانی، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامەکانیاندا پرسە و سەرەخۆشیی خۆیان ئاراستەی بنەماڵەی تێکۆشەر و نیشتیمانپەروەری پێشەوا قازی کرد و هاوبەشی خۆیان بۆ ئەو خەمە دەربڕی.

عەلی قازی، لە ساڵی 1933 لە شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان هاتووەتە دنیا. لە کاتی رووخانی کۆمار و لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەددا تەمەنی 13 ساڵ بووە. چەند ساڵێک پاش رووخانی کۆماری کوردستان رووی کردووەتە وڵاتی ئەڵمانیا و لەوێ نشتەجێ بوو.

لە ساڵانی رابردووودا گەڕایەوە باشووری کوردستان و بوو بە سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان.

عەلی قازی پاش ئەوەی بەهۆی نەخۆشییەوە وازی لە سەرۆکایەتیی ئەو پارتە هێنا. دواتر بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە گەڕایەوە ئەڵمانیا و سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ 10/7/2022، لە تەمەنی 89 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.