كەریم ئەحمەد، سكرتێری پێشووتری حزبی شیوعیی كوردستان، لە تەمەنی 100 ساڵیدا لە شاری هەولێر كۆچی دوایی كرد.
كەریم ئەحمەد ماوەی یەك هەفتە بوو تەندروستی تێچكبوو و بەیانی ئەمڕۆ لە ماڵەكەی خۆیدا لە شاری هەولێر كۆچی دوایی كرد.
بەگوتەی ژمارەیەك لە سەركردەكانی حزبی شیوعیی كوردستان، ئەمڕۆ رێورەسمی بەخاكسپاردنی تەرمی كەریم ئەحمەد بەڕێوەدەچێت و رایانگەیاندووە كە تەرمی كەریم ئەحمەد لە گۆڕستانی مەعمەل قیڕ لە هەولێر بە خاك دەسپێردرێت.
كەریم ئەحمەد لە ساڵی 1922 لە گوندی باقرتەی سەربە شارۆچكەی كۆیە لەدایكبووە، رۆژی یەكی تەمووزی 2022 تەمەنی بوو بە 100 ساڵ و تا پۆلی سێیەمی سەرەتایی لە شاری هەولێر خوێندووە و دواتر چووەتە بەغدا و لەوێ خانەی مامۆستایان-پەیمانگای وەرزشیی تەواوكردووە و پاشان بووە بە مامۆستای وەرزش لە یەكێك لە قۆتابخانەكانی قەزای كۆیە.
كەریم ئەحمەد لە ساڵی 1947 هاوسەرگیریی كردووە و سێ كوڕ و چوار كچی هەبوو، یەكێك لە كوڕەكانی شەهید بووە.
ئەو لە ساڵی 1953 تا ساڵی 1955 بووە بە سكرتێری حزبی شیوعیی عێراق، دواتر جیابووەتەوە و بووە بە سكرتێری حزبی شیوعیی كوردستان.
كەریم ئەحمەد لە ماوەی كاری سیاسی خۆیدا، چەندین جار لەلایەن دەسەڵاتدارانی رژێمە یەك بەدوایەكەكانی عێراقەوە دەستگیر و زیندانی كراوە.