سێ نەخۆشخانە لە شنگال دروست دەکرێن

ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، بڕیارە دوای جەژن سێ نەخۆشخانە لە شنگال دروست بکرێن کە ھەر نەخۆشخانەیەک ٧٥ ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە .

مەحما خەلیل بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”لە بودجەی یاسای پاڵپشتیی خێرایی ئاسایشی خۆراک و پەرەپێدان پارەی زیاتر لە ترلیۆنێک بۆ مووسڵ تەرخان کراوە و بەشێکیش لەوە بۆ شنگالە، بۆیە بڕیارە چەندین پڕۆژەی گرنگ بەو پارەیە ئەنجام بدرێن کە لەوانە دروستکردنی سێ نەخۆشخانەیە بۆ شنگال و بۆ ھەر نەخۆشخانەیەک ٧٥ ملیار دینار دانراوە.”

خەلیل گوتیشی: ”بڕیارە دوای جەژن دەست بە خەرجکردنی بودجە بکرێت و دەست بە دروستکردنی نەخۆشخانەکانیش بکرێت، کە لەسەر داواکاریی ئێمە بووە و گرنگیی زۆریشی بۆ شنگال ھەیە.”