ئەمرۆ چوارشەممە 6 ی تەممووز، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە بنەماڵەی هەردوو شەهید د. کاوان ئیسماعیل و د. ئیدریس حەمەخان کرد کە حەفتەی ڕابردوو لە کردەوەیەکی تاوانکاریدا گیانیان لە دەستدا .
سەرۆکی حکومەت دووبارە پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی قووڵی خۆی بە بنەماڵەی هەردوو خوالێخۆشبوو گەیاند و دووپاتی کردەوە، کە شەهیدکردنی ئەم دوو مامۆستا بەڕێزە ، تاوانێکی گەورە و زیانێکی گەورەش بوو لە خەڵکی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کەوت و هەردووکیان خزمەتێکی زۆری خەڵک و وڵاتی خۆیان کردووە. دڵنیاشی کردنەوە کە ئەنجامدەری تاوانەکە، بە سزای یاسایی خۆی دەگات .
سەرۆکی حکومەت جەختیشی کردەوە کە پالپشت و هاوکاری دادگاکان دەبن بۆ ئەوەی هیچ سستی و کەمتەرخەمییەک لە سزادانی تاوانباران ڕوونەدات.
بنەماڵەی خوالێخۆشبووان ، سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ هاوخەمیی سەرۆکی حکومەت دەربڕی.