پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ساڵی رابردوو ٦٨٢ هەزارو ٢٦٨ مەتر دووجا كێڵگه‌ی مین پاک کراوەتەوە 

دەزگای گشتیی کاروباری مین لە ساڵی سێیەمی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ١ی حوزەیرانی ٢٠٢١ تاوەکو ٣١ی ئابی ٢٠٢٢ چەندین کار و چالاکیی تایبەت بە کاروباری مین ئەنجام داوە. بەتایبەتی پانتایەکی زۆری لە کێڵگە مینرێژکراوەکان پاک کردووەتەوە و ژمارەی قوربانیان مینیش بڵاو کردووەتەوە.

پاککردنەوەی کێلگە مینییەکان
له‌ ساڵی سێیه‌می كابینه‌ی نۆیه‌م، ڕووبه‌ری ٦٨٢ هەزارو ٢٦٨ مەتر دووجا كێڵگه‌ی مین له‌ ته‌واوی ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پاك کراوەتەوە. له‌و ژماره‌یه‌ ڕووبه‌ری ٣٠٢ هەزار و ٧٦٢ مەتر دووجا، له‌ لایه‌ن ده‌زگای مینه‌وه‌ پاك كراوه‌ته‌وه‌ و ڕووبه‌ری ٣٧٨ هەزار و٥٠٦ مەتری دووجا له‌ لایه‌ن ڕێكخراوه‌كانه‌وه‌ پاک کراوەتەوە.
پڕۆسه‌ی پاككردنه‌وه‌ی كێڵگه‌ مینییه‌كان جۆراوجۆر بووه‌، هه‌ندێكیان به‌ ده‌ست (Elec +Full) بووه‌، هه‌ندێكی تر به‌ میكانیكه‌ڵ (MECH) و هه‌ندێكی تریش به‌ بچووككراو (Reduced) بووه‌.
له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، كێڵگه‌ی مین هه‌یه‌. ده‌زگای مین له‌ ماوه‌ی ساڵی سێیه‌می كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم توانیویه‌تی له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر ڕووبه‌ری 95 هەزار و ٤٧٦ مەتر دووجا و له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی ڕووبه‌ری ٦٠ هەزار و ٣٣٢ مەتری دووجا و له‌ سنووری پارێزگای دهۆك ڕووبه‌ری ١٢٠ هەزار و ٩٢٧ مەتری دووجا و له‌ سنووری ئیداره‌ی گه‌رمیان ڕووبه‌ری ٢٦ هەزار و ٢٧ مەتری دوجا له كێڵگه‌ی مین پاك بكاته‌وه‌، كه‌ كۆی گشتی ده‌كاته‌ ٣٧٨ هەزار و٥٠٦ مەتری دووجا.

ڕێكخراوی (MAG) شانبه‌شانی ده‌زگای مین له‌ ماوه‌ی ساڵی سێیه‌می كابینه‌ی نۆیه‌م ڕووبه‌ری ٣٧٨ هەزار و ٥٠٦ مەتری دووجا له‌ سه‌رجه‌م ناوچه‌ جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان له‌ سنووری پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان لە مين پاك کردووەتەوە.

چالاکیی جۆراوجۆری دەزگای گشتیی کاروباری مین
له‌ ڕووی ته‌كنیكییه‌وه‌، ده‌سته‌ی گشتیی کاروباری مین چه‌ندین چالاكیی جۆراوجۆری ئه‌نجامی داوه‌، له‌وانه‌ش ئه‌نجامدانی خولی مینلابه‌ری بنچینه‌یی له‌ ماوه‌ی نێوان مانگەکانی ئادار و نیسانی ٢٠٢٢ كه‌ بۆ ١٤ كارمه‌ندی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی پارێزگای سلێمانی ڕێکخرابوو. له‌ لایه‌كی دیکەوە ٧ خولی دیکە له‌ ماوه‌ی نێوان مانگەکانی ئابی ٢٠٢١ تا مانگی ئایاری ٢٠٢٢ له‌ لایه‌ن ڕێكخراوه‌كان سه‌باره‌ت به‌ مینلابه‌ری بنچینه‌یی، خولی ڕاهێنانی له‌ناوبردنی پارچه‌ی ته‌قه‌مه‌نی (EOD . LEVEL3)، خولی به‌ڕێوه‌بردنی كوالێتی ( QM)، خولی ڕاهێنانی هۆشیاركردنه‌وه‌ له‌ مه‌ترسییه‌كانی پارچه‌ی ته‌قه‌مه‌نی، خولی ڕاهێنانی له‌ناوبردنی پارچه‌ی ته‌قه‌مه‌نی( EOD LEVEL2)، خولی به‌ڕێوه‌بردنی سه‌رۆك تیم و خولی به‌ڕێوه‌بردنی كۆگای ته‌قه‌مه‌نی و بۆ 86 كارمه‌ند ڕێكخرابوو و له‌ لایه‌ن هه‌ردوو ڕێكخراوی(MAG) و شاریته‌ سه‌رپه‌رشتی كراون.

دڵنیایی جۆری
له‌ ماوه‌ی ساڵی سێیه‌می كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم، چاودێرانی دڵنیایی جۆری، ٦٣٧ جار سەردانی كێڵگه‌ مینییه‌كان کردووە. له‌ پارێزگاكانی هه‌ولێر ٢٠٠ جار، لە سلێمانی ٢٦٩ جار، دهۆك ١٤٨ و ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی گه‌رمیان ٢٠ جار سەردانی کێڵگە مینییەکان کردووە. لەم چالاکییانەدا ٨٩ هەزار و ٨٧٩ مەتری دووجا كێڵگه‌ مینرێژکراوەکان چێك کراون.

پێدانی مۆڵه‌ت
له‌ ساڵی سێیه‌می كابینه‌ی نۆیه‌م، ٧ مۆڵه‌تی کۆمپانیاکان و ٦ مۆڵه‌تی تایبه‌ت به‌ ڕێكخراوەکان نوێ کراوەتەوە و مۆڵەتێکی نوێش بە رێکخراوێک دراوە.

هەڵمەتی هۆشیاری
له‌ ساڵی سێیه‌می كابینه‌ی نۆیه‌م ١٥ هەزار و ٢٠٥ چالاكی جۆراوجۆری هۆشیاركردنه‌وه‌ی تایبه‌ت به‌ مه‌ترسییه‌كانی مین له‌ سه‌رجه‌م ناوچه‌ جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام دراوە، كه‌ زۆربه‌یان پۆسته‌ر، لفلێت، كارتی زانیاری په‌یوه‌ندیكردن، نامیلكه‌ی منداڵان و چیڕۆكی وێنه‌دار، گۆڤار، ده‌فته‌ی قوتابخانه‌، یاری مار و په‌یژه‌ و چه‌ندین چالاكی و لایه‌نی تری هۆشیاری له‌ خۆ گرتووه‌.

یارمەتیدانی قوربانیانی مین
له‌ ماوه‌ی نێوان یەکی حوزه‌یرانی ٢٠٢١ تا ٣١ـی ئایاری ٢٠٢٢ چه‌ندین قوربانی نوێی تایبه‌ت به‌ مین تۆمار كراون كه‌ ژماره‌یان ٤٥ كه‌سه‌ و به‌سه‌ر پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان دابه‌ش ده‌بن و ١٥ کەس گیانیان لە دەست داوە و ٣٠ کەسیش بریندار بوونە. ٢ كه‌س له‌ هه‌ولێر، شەش كه‌س له‌ دهۆك، پێنج كه‌س له‌ سلێمانی و دوو كه‌س له‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی گه‌رمیان گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌. ٧ كه‌س له‌ هه‌ولێر، پێنج كه‌س له‌ دهۆك، ١٤ كه‌س له‌ سلێمانی و چوار كه‌س له‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی گه‌رمیان بریندار بوونە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٢