سێیەمین ساڵی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ڕۆژی یەک شەممەی داھاتوو سێ ساڵ بەسەر دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم تێپەڕ دەبێت، سەرەڕای قەیرانەکان و فشارەکانی بەغدا، سەرۆکی حکوومەت، توانیویەتی بە کردەیی چاکسازی لە کابینەکەیدا بکات و بە سەدان بڕیاری گرنگ دەر بکات و، بە ھەزاران پرۆژەی ستراتیژی لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات.

چاکسازی بە كردەوە
کابینەی نۆیەم ڕۆژی ھەینی١٠-٧-٢٠٢٠ بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی پێک ھات، لەو ماوەیەدا سەرەڕای ئاستەنگە سیاسییەکان، تەندروستی و ئابوورییەکان، توانیویەتی یاسای چاکسازی بباتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە، کە بەرھەمی ئەم یاسایە بۆتە ھۆی بەدیھێنانی دادپەروی بۆ مووچەخۆران، فەرمانبەران و خانەنشینان، جگە لەوەی بە سەدان پرۆژەی ستراتیژی بخاتە واری جێبەجێکردنەوە، کە لە ھەموویان گرنگتر بڕیاری دروستکردنی ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بوو بۆ ھەژار و کرێنشینان، جگە لەوەی بە جددی ڕووبەڕووی گەندەڵی بۆتەوە.
مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ دەست بەکاربوونی، ھێڵە گشتییەکانی بەرنامەی کاری کابینەکەی ڕاگەیاند و، جەختی لەسەر کۆتاییھێنان بە گەندەڵی، پرۆسەی چاکسازی، سەروەری یاسا، نەھێشتنی نادادیی کۆمەڵایەتی کردەوە.
سەرەڕای قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، بەڵام کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕژد بوو لەسەر جێبەجێکردنی کارنامەکەی و لە ھەموو کەرت و بوارەکاندا چاکسازیی كردووە و ھەنگاوی گەورەی ناوە، لەگەڵ ئەوەشدا دابینکردنی مووچە و خزمەتگوزاری بۆ ھاووڵاتییان لە پێشینیەی کارەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بووە و لە ئاست بەڵێن و متمانەی خەڵکی کوردستاندابووە.

سەرکەوتن بەسەر کۆڕۆنادا
ھەر بڕیارێک لە ئەنجوومەنی وەزیران بدرێت، بە کۆدەنگی ھەموو فراکسیۆنە بەشدارەکانی ناو حکوومەت دەدرێت، بە گوتەی بەرپرسانی لایەنە سیاسییەکان و ئەندامانی کابینەکە، کابینەی نۆیەم زۆر ژیرانە توانیویەتی بەسەر کێشەکاندا سەر بکەوێت و پرۆژەی چاکسازی بکاتە یاسا و بیخاتە واری جێبەجێکردنەوە؛ بۆ ئەو قۆناغەش زۆر گرنگ بوو، بە سەدان قوتابخانە دروست کراون و نۆژەن کراونەتەوە.
کابینەی نۆیەم لە قەیرانی كۆڕۆنادا زۆر بەمشوور و حەكیمانە هەڵسوكەوتی كرد؛ ئەوەی پێویست بوو بۆ لەناو بردنی ئەو ڤایرۆسە نەگریسەی کرد، لە بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتدا ھەموولا ھاوڕا بوون لە زیادکردنی سەرچاوەکانی داھات، لەو چوارچێوەیەدا یەکێک لە سێکتەرەکان بڕیاردان بوو لەسەر کەرتی گەشتوگوزار و کردنی بە سەرچاوەی سەرەکیی داھات، ئەمەش جۆرێک بەرپرسیاریەتیی خستە سەر کۆی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت بۆ ئەم بابەبەتە.ھەروەھا لە بواری ڕێگەوبانەوە بە دەیان پرۆژەی ستراتژی کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە و چەندین ڕێگەوبان کراون بە دووساید، لەگەڵ نۆژەنکردەوەی زۆربەی ڕێگەوبانەکان، کارکردنیش لە چەندین پرۆژەی ستراتیژی بەردەوامە، جگە لەوەی لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا سۆران و زاخۆ، بوونە ئیدارەی سەربەخۆ، چەندین ناحیە بوونە قەزا، ئەوەش بووە جێگەی خۆشحاڵیی ھاووڵاتییانی ناوچەکە، چونکە پڕۆژەی زیاتر پێشکەش بەو ناوچانە دەکرێت.

گرنگیدان بە پێکهاتەکان
کابینەی نۆیەم، پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستانی بردە نێو ناوەندی بڕیار و پرۆسەی حوکمڕانییەوە. بۆ یەکەم جار لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان وەزیرێکی ھەرێمی تایبەت کرد بە کاروباری پێکھاتەکان. ئێستا پێکھاتەکان ھەر پرۆژە و پێشنیارێکیان ھەبێت لەڕێگەی وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان دەگەیەنن بە ئەنجوومەنی وەزیران. بە گوتەی پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان کە بۆ ھەولێر قسەیان کردووە، حکوومەتی ھەرێم، بەتایبەتی سەرۆکوەزیران ئەوەی لە دەست ھاتووە بۆ پێکھاتەکانی کردووە، لە ھەر پڕۆژە و پێشنیارێک کە لە بەرژەوەندیی ئێمەدا بێت پشتگیریی ئێمەی کردووە، بۆیە لە ھەرێمی کوردستان تەواوی مافەکانمان پارێزراون، ئەمە لە کاتێکدایە لە عێراق بەردەوام پێکھاتەکان پشتگوێ دەخرێن، دەربەدەر دەکرێن، دەکوژرێن و ھیچ مافێکیان نییە”.

بردنەپێشی سەرجەم سێکتەرە جیاوازەکان
د. شێروان عەبدوڵڵا، شارەزا لە بواری ئابووری، بە “ھەولێر”ـی گوت: “مەسرور بارزانی، ھەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکی حکوومەت بەڵێنی دا کابینەی نۆیەم کابینەی چاکسازی بێت، بە ورە و ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە ڕووبەڕووی ھەموو ئەو کێشانە ببێتەوە کە لەبەردەمیدا ھەن، لەگەڵ ئەوەی بەرنامەی کابینەی نۆیەم لە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاکانی ھاووڵاتییاندا بوو، وەکو ئێستا دەبینین بەرھەمی کابینەکەی دیارە، ئەوەی لە توانایدا بووە کردوویەتی بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان، لەگەڵ ئەوەی توانیویەتی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پێگەی ھەرێم بەرز بکاتەوە. ئێستا زۆربەی وڵاتان ئارەزووی ئەوە دەکەن نەوت و گازی ھەرێمی کوردستانی بۆ بچێت و پەیوەندییەکی بەھێزیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەبێت.
ئەو شارەزایە، دەشڵێ: “لە کابینەی نۆیەمدا، چاکسازی وەک پرسێکی سەرەکی کاری لەسەر کراوە. لە سێ ساڵی ڕابردوودا بە جددی کار لەسەر جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کراوە. کەمکردنەوەی ڕۆتین و لابردنی مووچەی نایاسایی و بەدیھێنانی یەکسانی لە مووچە و ئیمتیازەکان کەمکرنەوەی ڕۆتین و چاکسازی لە خاڵە سنووریەکان، برەودان بە ژێرخانی وەبەرھێنان، کشتوکاڵ، پیشەسازی، کۆی سێکتەرەکان و بە ئەلیکترۆنی کردنی کاروبارەکان و دابەزاندنی دەستەڵاتەکان، بۆیە ئەوەی کابینەی نۆیەم لەو سێ ساڵەدا کردوویەتی، زۆر بە ئەرێنی لەلایەن خەڵکی ھەرێمی کوردستانەوە لێک دەدرێتەوە پێشوازی لە بریارەکانی سەرۆکی حکوومەت دەکەن بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی و چاکسازی کردن لە دامەزراوەکانی حکوومەت”.

جێبەجێکردنی دەیان پرۆژەی ستراتیژی
کۆڤان ئەمجەت، مامۆستای ئابووری، بۆ “ھەولێر” گوتی:” ئەگەرچی کابینەی نۆیەم لەسەرەتای دەست بەکاربوونیەوە دووچاری چەندین بەربەست و ئاستەنگ بوویەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش چاکسازی گرنگترین و کاریگەرترین ڕێکار بوو کە حکوومەت گرتەبەر بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی، زیادکردنی داھات و کەمکردنەوەی خەرجی، ئەم چاکسازیەی حکوومەت کە بەشێکی بڕینی دوو مووچەی و سێ مووچە خەرجیەکی زۆری ناپێویست لەسەر حکوومەت لابرد، بەوەش ملیاران دینار بۆ خەزێنەی گشتی گەڕایەوە.
ئەو مامۆستایە، گوتیشی: “کابینەی نۆیەم توانی لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بەسەر قەیران و ئاستەنگەکان سەر بکەوێت و لە بواری چاکسازی و زیادکردنی سەرچاوەکانی داھات و جێبەجێکردنی دەیان پڕۆژەی ستراتیژی ھەنگاوی گەورەی ناوە، سەرەڕای ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری گرنگ لە شار و ناوچەکانی کوردستان کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە ژیانی ھاووڵاتییانەوە ھەیە.
کۆڤان ئەمجەت، جەختی لەوەش کردەوە: “ستراتیجیەتی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بوو، کێشەکان لەگەڵ حکوومەتی عێراق لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکات، دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت چەندین جار سەردانی بەغدای کردووە و تەواوی نیازپاکی ھەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی ھەموو کێشەکان دووپات کردەوە، چونکە حکوومەتی ھەرێم دەیەوێت بە ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتی تەواوی کێشەکان چارەسەر بکرێن، چەندین جار وەفدی ھەرێم سەردانی بەغدای کردووە، بەڵام دیارە بەغدا نایەوێت کێشەکان لەگەڵ ھەولێر چارە بکات و ھەر ڕۆژە و بیانۆیەک دەھێنێتەوە و پابەندی دەستوور نابێت و ڕێککەوتنەکان جێبەجێ ناکات”.

ھەواڵی زیاتر