لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان، حکوومەت مانگانە بە ٢٣ملیۆن دۆلار نرخى خۆراک و بەنزین کۆنترۆڵ دەکات

شۆڕش غەفووری – هه‌‌ولێر

لەسەر یاساى چاکسازى لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان و گەڕاندنەوەى خەرجییەکى زۆر، عەبدولکەریم خەسرەو بەرپرسى فەرمانگەى هەماهەنگى و بەدواداچوون لەم دیمانەیەدا لەسەر ڕێکخستنى خەرجییەکان و کەمکردنەوەیان و پرسى بانکى و مووچە، چەندین زانیارى نوێ دەخاتە ڕوو:

ـ ئێستا لە حکومەتى هەرێمى کرودستان چەندین ئاستی چاودێری بۆ خەرجى وەزارەت و فەرمانگە و دەستەکان هەیە و بەم پێیەش زۆرترین ئاستى خەرجى هێنراوەتە خوارەوە و پارەیەکى زۆر گەڕێنراوەتەوە نێو خەزێنەى حکومەت. ئەم سیستەمى ڕێکخستنى خەرجیانە چییە و سوودەکانى؟
د. عەبدولحەکیم: ئێمە سیستمی خەرجییەکانمان رێک خستووەتەوە، ئێستا سیستەمەکە بە ئۆنلاین لە نێوان وەزارەتەکان کاری پێ دەکرێت، بە تایبەتی لە خەرجی بەکاربردن، بە ئۆنلاینکردنی خەرجی بەکاربردن و چاودێریکردنی لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەکان و چاودێری دارایی، بە دڵنیاییەوە کاریگەری لەسەر رێکخستنەوەی خەرجییەکان هەبووە و واشی کردووە خەرجییەکان بگەنە کەمترین ئاست. لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و چەند یاسایەکی دیکەش کە ئێستا لە بەردەستماندایە و ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان کراون، خەرجییەکان زیاتر کەم دەکرێنەوە، بە شێوازێک کە تەنیا بۆ ئەو خزمەتگوزاریانە دەبن کە دەگەنە هاووڵاتیان”.

سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان باسى لە کەمبوونەوەى ١٣٠ملیار دینار لە خەرجى حکوومەت کرد، ئەم بڕە پارەیە چۆن کەم بووەتەوە؟
د. عەبدولحەکیم: خەرجى ئێستاى حکوومەت بریتییە لە خەرجییە سەرەکییەکانی پەیوەست بە بواری خزمەتگوزارییەکان، کاتی خۆی خەرجی بەکاربردن نزیکەی ٢٠٠ملیۆن دۆلار بووە، کە دەڵێین ١٣٠ملیۆن دۆلار لە خەرجییەکان کەم بووەتەوە، بەو پێیەیە کە خەرجی ئێستاى مانگانە نزیکەی ٧٠ملیۆن دۆلار کە وەک پێشینە و خزمەتگوزاری پێشکەش دەکرێن. کاتی خۆی دەسەڵاتی خەرجکردنی بودجەی گشتی و داهاتی وەزارەتەکان ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی وەزارەتەکانەوە بوو، بەڵام ئێستا داواکاری خەرجی بەکاربردن لە ڕێگەی سیستەمی سەرهێڵ (ئۆنلاین)ـەوە ڕاستەوخۆ دەچێتەوە وەزارەتی دارایی و ئابووری و بە چاودێریکردنیشى لە لایەن ئەنجومەنی وەزیران و نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت، وای کردووە تەنیا بڕیار لەبارەی ئەو خەرجیانەوە بدرێت کە گرنگ و پێویستن، ئەمەش هۆکار بووە بۆ کەمبوونەوەى خەرجییەکان، ڕێکاری دووەمیش لە کەمکردنەوەی خەرجییەکان ئەوە بوو، کە ئەم جۆرە چاودێرییە وای کردووە دامەزراوەکان تەنیا داوای ئەو خەرجیانە بکەن کە پێویستن، زۆرجار خەرجی ناپێویست هەبووە، وەک خەرجی شاندەکان و سووتەمەنی. چاکسازی لە پرسی سووتەمەنی کە ئێستا لە لایەن وەزارەتەکانی ناوخۆ و دارایی و ئابوورییەوە کۆنترۆڵ کراوە، خەرجییەکانی ئەو کەرتە زۆر کەم کراوەتەوە، پۆلێنکردنی خەرجییەکانیش وای کردووە کە ئێمە ئەو ژمارانەمان بۆ بگەڕێتەوە.

چەندە ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمى کوردستان هەن وچەندە خەرجییان خستووەتە سەر حکومەتى هەرێمى کوردستان؟
د. عەبدولحەکیم: بە هۆى شەڕى سوریە و هاتنى گرووپى تیرۆریستى داعش، لێشاوێکى گەورەى پەنابەرانى سوری و ئاوارە عێراقییەکان ڕوویان لە هەرێمى کوردستان کرد. بە پێى ئامارەکان، لە ساڵى ٢٠١٤ى زایینى، ملیۆنێک و ٢٦٠ هەزار ئاوارە و پەنابەر ڕوویان لە هەرێمى کوردستان کردووە، بەڵام ساڵ بە ساڵى زیاترى کرد تا گەیشتە سەرووى ملیۆنێک و ٦٠٠هەزار کەس. بەڵام بە تێکشکاندنى داعش و هێوربوونەوەى دۆخەکە لە شەنگال و موسڵ و بەشێکى سوریە، زۆرێک لە ئاوارە و پەنابەرەکان گەڕانەوە و ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک لە هەرێم ماونەتەوە. ئەم ژمارە زۆرەى ئاوارە و پەنابەر، هۆکار بووە بۆ خەرجییەکى زۆر لەسەر حکوومەتى هەرێمى کوردستان. بۆ نمونە لە ساڵى ٢٠١٤ى زایینى، بوونى ملیۆنێک و ٢٦٠هەزار ئاوارە و پەنابەر، نزیکەى ٦٣١ملیۆن دۆلار خەرجییان هەبووە بۆ پرسى خزمەتگوزارى و دابینکردنى ئاسایش و ئەم پارەیە بە زیادبوونى ئاوارە و پەنابەرى زیاتر، هەڵکشا بۆ سەرووى ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار و ئێستا ئەم خەرجییە بە گەڕانەوەى زۆرێک لە پەنابەر و ئاوارەکان کەمتر بووەتەوە بۆ سەرووى ٩٠٠ملیۆن دۆلار. واتە حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە ماوەى شىەش ساڵ (لە نێوان ساڵى ٢٠١٤ تا ٢٠١٩) زیاتر لە ٧ملیار و ٥١ملیۆن دۆلارى لەسەر کەوتووە بە مەبەستى خزمەتگوزارى و پاراستن و ئاسایشى ئەو ئاوارە و پەنابەرانە. ئێمە لە حکومەتى هەرێمى کوردستان وەک هاووڵاتییەکی هەرێم مامەڵەمان لەگەڵ ئاوارە و پەنابەرەکاندا کردووە، هەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی کە پێشکەش بە هاووڵاتیانى خۆمان کردوومانە، بە ئاوارەکانیشمان پێشکەش کردووە.

ھەواڵی زیاتر