چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

له‌ ٤ ڕۆژدا زیاتر له‌ ٤٤ هه‌زار كه‌س سه‌ردانی پێشانگا‌ی (هایتێكس) یان كرد

له‌ ڕێكه‌وتی ٢٧ تا ٣٠ی حوزه‌یرانی ٢٠٢٢ سێیه‌مین پێشانگه‌ی هایتێكس به‌ ناونیشانی (ده‌روازه‌یه‌ك بۆ به‌ دیجیتاڵكردن) له‌ هه‌ولێری پایته‌خت كرایه‌وه.
فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاوبه‌شی سه‌ره‌كیی میدیایی ئەم پێشانگایە بوو‌ و سه‌رپه‌رشتی ستاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش کرد له‌ پێشانگه‌كه‌.
له‌ پێشانگاکە زیاتر له‌ ١٥٠ کۆمپانیا لە ٣٠ وڵاتی جیاوازی جیهان و ٩ زانکۆی هەرێمی کوردستان به‌شدارییان تێدا كرد، كه‌ ٣٢ پڕۆژەی نوێی تێدا نمایش کرا.
لە ماوەی ٤ ڕۆژی پێشانگاکەدا ٨ پانێڵ بەڕێوە چوو كه‌ زیاتر لە ٣٠ پانێڵیست لە کوردستان و عێراق سویسرا وئەڵمانیا و لوبنان و هیندستان و پاکستان و ئەمریکا به‌شداربوون .
له‌ ڕۆژی یه‌كه‌می پێشانگه‌كه‌دا ١٢ هەزار و ٣٠٠ هاووڵاتی و میوان سه‌ردانی پێشانگا‌ی هایتێكسیان كرد و دوو پانێڵێش له‌ ژێر ناوی (ڕێگای دەیەی دیجیتاڵی و هێزی ژمارەکان ) پێشكه‌ش كران.
جگه‌ له‌مانه‌ش کۆمەڵێک چاڵاکی لەلایەن کۆمپانیا بەشداربووەکان ئه‌نجام درا كه‌ لە دیارترینیان بڵاو کردنەوەی نوێترین بەرهەمی کۆمپانیای هۆنەر بەناوی هۆنەر ماجیک فۆر بوو.
له‌ ڕۆژی دووه‌می پێشانگاکەش زیاتر لە ١٣ هەزار و ٨٠٠ کەس سه‌ردانی پێشانگه‌یان كرد و دوو پانێڵیش به‌ ناوی (ئابووری بلۆکچەین و ڕۆڵی تەکنەلۆژیا لە داهاتووی بانک و شێوازی پارەدان) پێشکەش کران، هه‌روه‌ها چالاکییەک لەبارەی دیجیتاڵ بانکینک لەلایەن سکۆت کە لە ئەمریکاوە هاتبوو پێشكه‌ش كرا.
هه‌ر له‌ درێژه‌ی چاڵاكییه‌كانی هایتێكس ٢٠٢٢ براوەکانی پڕۆژەی ئینڤێست مای ئایدیا خه‌ڵات كران كه‌ ئه‌مانه‌ بوون:
١. رەند ئاری – Smartmed
٢. گۆڤان رەشید – Chekesystems
٣. ئومەر سینان – Wasla
٤. ئەکرەم ئیدان – Laoob
٥. ئەحمەد حەمزە – parezar
ستاندی حكومه‌تی هه‌رێی كوردستان له‌ پێشانگه‌ی هایتێكس ٢٠٢٢ پێكهاتبوو له‌و وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگانه‌ی كه‌ خزمه‌تگوزاریی ئه‌لیكترۆنییان بۆ هاووڵاتیان به‌رده‌سته‌ كه‌ بریتیبوون له‌، وه‌زاره‌تی ناوخۆ، وه‌زاره‌تی دارایی، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا، وه‌زاره‌تی كاره‌با، فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری، فه‌رمانگه‌ی ته‌كنه‌لۆجیای زانیاری.

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری
٥ی ته‌ممووزی ٢٠٢٢