چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

دادگای بازرگانی هەولێر داوایەکی لە دژی وەزیری سامانە سروشتییەکان رەتکردەوە

دادگای بازرگانی هه‌ولێر بڕیارێکی دا سه‌باره‌ت به‌ داواكارییه‌كی هیدایه‌ت حه‌مه‌د کە سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێگه‌پێدراوی كۆمپانیای ADDAX و به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێگه‌پێدراوی كۆمپانیای (Genel Energy International Itd) ی تۆماری كردبوو.

سکاڵاکەی داواکار تایبەت بوو بە داوا کردنی پارچه‌ زه‌ویەک کە بێبه‌ش کراوە لێی له‌ سنووری شارۆچكه‌ی ته‌ق ته‌ق و داوای کردووە بڕیارێك بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی سوود له‌ زه‌وییه‌كه‌ی وەرگرێت و بڕیارێك بدات بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرێبه‌ستەکەی نێوانیان و بانگهێشتی داوالێكراوان بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست له‌ زه‌وییه‌كه‌ی هه‌ڵبگرن، ئەوەش لەسەر ئەو بنەمایەی کە دادگای فیدڕاڵی یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستانی هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه‌ و به‌ ناده‌ستووری له‌ قه‌ڵه‌م داوه‌.

بەڵام دادگای بازرگانی هەولێر ئاماژە بەوەدەکات کە، یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان – عێراق، ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧ لەلایەن دەسەڵاتی یاسادانان لە هەرێمی کوردستان دەرچوێنراوە و دەسەڵاتەکانی پیادە بەپێی دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ دەکات، هەروەها یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان رەوایەتی و دەستووری بوونی سەلمێنراوە لە بەیاننامەی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان ژمارە (١٥١١) لە رێکەوتی ١٨ی ئایاری ٢٠٢٢.

بۆیە له‌ سۆنگه‌ی دروستی گرێبه‌سته‌كان و جێبه‌جێكردنیان، داواكاری داواكار ڕه‌ت ده‌كرێته‌وه‌ و لە هەمان کاتدا سوودمه‌ند بووه‌ له‌ موڵكی گشتی و له‌ گرێبه‌ستی هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ نه‌وت و پێكهاته‌كانی سوودمه‌ند بووه‌، بۆیه‌ له‌ ئه‌نجامی هه‌موو ئه‌و ورده‌كاریی و ڕوونكردنه‌وانه‌دا دادگا ئه‌م بڕیارانه‌ی خواره‌وه‌ی ده‌ركرد:
١. داواكاریی هیدایه‌ت حه‌مه‌د ڕه‌سووڵ ره‌ت كراوه‌یه‌.
٢. داواكاری داواكار سه‌باره‌ت به‌ داوالێكراوی دووه‌م كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێگه‌پێدراوی كۆمپانیای (ADDAX) و ئه‌ركه‌كه‌یه‌تی به‌ پشتبه‌ستن به‌ مادده‌كانی ٨٨،٨٩،٢١٦ یاسای مورافه‌عات هه‌ڵوه‌شاوه‌یه‌.
٣. داواكاری داواكار سه‌باره‌ت به‌ داوای نه‌یاره‌تی نه‌كردن و دژایه‌تینه‌كردنی و چاوپۆشیلێكردنی هه‌ڵوه‌شاوه‌یه‌.
٤. داواكار خه‌رجی و كرێی بریكارانی هه‌ردوو داوالێكراوی یه‌كه‌م و سێیه‌م كه‌ بڕه‌كه‌ی ٢٠ هه‌زار دیناره‌ له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت و به‌ یه‌كسانی به‌سه‌ریاندا دابه‌ش ده‌كرێت و بڕیاره‌کە شیاوی تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ و ته‌میز كردنه‌.

بڕیارى 89_ دادگاى بازرگانى_ 2022.PDF – Google Drive

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٤ی تەمووزی ٢٠٢٢