خەرجی بەرهەمهێنان و داهاتی ئاو ئاشکرا دەکرێت

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 05ـی 07ـی 2022 ڕایگەیاند، خەرجی بەرهەمهێنانی ئاو لە 5 مانگی ئەمساڵ زیاتر لە 54 ملیار و 694 ملیۆن دینار بووە، هەروەها داهاتی ئاو بۆ ماوەی 5 مانگی ئەمساڵ زیاتر لە 21 ملیار و 206 ملیۆن دینار بووە.

سێكتەری ئاوی خواردنەوە یەكێكە لە سێكتەرە ستراتیژی و گرنگەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە ساڵانە حكوومەت خەرجییەكی زۆر بۆ بەرهەمێنان و پڕۆسەی دابەشكردنی خەرج دەكات، تەنیا لە پێنج مانگی ئەمساڵ خەرجییەكانی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی ئاوی خاوێن لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستاندا زیاتر لە 45 ملیار دینار بووە.

ئەندازیار ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار زانیاری لەبارەی خەرجییەكان و داهاتی ئاو لە ماوەی پێنج مانگی ساڵی 2022 ئاشكرا دەكات، سەبارەت بە خەرجییەكانی بەرهەمێنانی ئاو، ڕایگەیاند: خەرجییەکانی بەرهەمهێنانی ئاو لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان تەنیا لە ماوەی 5 مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە 54 ملیار و 694 ملیۆن دینار بووە.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە داهاتی ئاو ڕاشیگەیاند:  داهاتی ئاو بۆ ماوەی 5 مانگی ئەمساڵ زیاتر لە 21 ملیار و 206 ملیۆن دینار بووە كە نرخی یەک مەتر سێجا ئاویش 510 دینارە.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ پڕۆسەی بەرهەمێنان و دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە بەڕێوە دەبات، لەپێناو ڕێگریكردن لە گرفتی كەمئاویش، بە بەردەوامی پڕۆژەكانی ئاو لە هەرێمی كوردستان نۆژەن دەكرێنەوە و ساڵانەش بەگوێرەی پلان پرۆژەی نوێ جێبەجێ دەكرێت، هەروەها بیرەكانی ئاویش نۆژەن دەكرێنەوە، هاوكات بیری نوێ لەو شوێنانەی كە پێویستە لێدەدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا تۆڕەكانی ئاوی خواردنەوە پێویستیان بە نۆژەن هەیە، بەهۆی فراوانبوونی شار و شارۆچكەكانیش پرۆژەی نوێی دروستكردنی تۆڕی ئاو جێبەجێ دەكرێت

ھەواڵی زیاتر