پەرلەمان دانیشتنێکی تایبەت بە پرسە دارایییەکان دەکات

ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئاشکرای کرد، ژمارەیەک ڕاپۆرت لەبارەی چەند پرسێکی دارایییەوە ئامادە کراون و بڕیارە وەزیری دارایی بانگھێشتی پەرلەمان بکرێت و دانیشتنێکی تایبەت لەبارەی پرسی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و مووچە پاشەکەوتکراوەکان و فەرمانبەرانی گرێبەست بەڕێوە بچێت.

لیزا کاکەیی، ئەندامی لیژنەی داراییی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “لیژنەی دارایی خەریکی ئامادەکردنی ١٣ ڕاپۆرتە لەبارەی مافە دارایییەکانی فەرمانبەران و ئەو بابەتانەی ڕەھەندی دارایییان ھەیە و زۆربەی ڕاپۆرتەکان لە قۆناغی کۆتاییدان لەبارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و مووچە پاشەکەوتکراوەکان و فەرمانبەرانی گرێبەست و چەندین بابەتی دیکەی پەیوەست بە ماف و شایستەکانی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان.”

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی دەشڵێت: “زۆربەی ڕاپۆرتەکان کۆتایییان ھاتووە و لایەنە پەیوەندارەکان بانگھێشتی پەرلەمان دەکرێن بۆ ئەوەی ڕاپۆرتەکانی پەرلەمان دەوڵەمەند بکرێن و چارەسەرێک بدۆزینەوە.”

لیزا کاکەیی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێکی تایبەت بەو پرسانەی سەرەوە دەکات و بۆ ئەوەی ھۆکاریان بزاندرێت و چارەسەرێک بدۆزینەوە لەگەڵ حکوومەت، بەتایبەتی گلەیی زۆر لەسەر ڕاگرتنی پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران دەکرێت، لەبەر ئەوە پێشبینی دەکەم کۆبوونەوەی نائاسایی بەڕێوە بچێت”.

ھەواڵی زیاتر