پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێك لە بارەی هاوردەكردنی ئاژەڵەوە دەردەكات

دوای كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە ڕێكەوتی 22ی حوزەیرانی 2022، چەند بڕیارێك دەرچوو سەبارەت بە ڕێكار و میكانیزمەكانی هاوردەكردنی ئاژەڵ بەم شێوەیەی خوارەوە:
یەكەم: هەڵپەساردنی كاركردن بە مەرجی (مۆڵەتی هاوردەكردن) بۆ هاوردەكردنی ئاژەڵ تاكو ڕێكەوتی 17ی تشرینی یەكەمی 2022، بە ڕەچاوكردنی ئەم مەرجانەی خوارەوە:
1. جێبەجێكردنی سەرجەم مەرج و ڕێنماییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە هاوردەكردنی ئاژەڵ، تایبەت بە ڕێكارە ڤێتەرنەرییەكان و مەرجی پشكنین و كەرەنتینەكردن لە دەروازە سنوورییەكان و كەرەنتینەی فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی.
2. وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو میكانیزم و پلانی هاوردەكردن ڕێك دەخات، بە لەبەرچاوگرتنی بەرهەمی ناوخۆی خاوەن ئاژەڵ و پێداویستی بازاڕ و پاراستنی سامانی ئاژەڵ لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و نەبوونی كاریگەری نەرێنی لەسەر سامانی ئاژەڵی ناوخۆیی.
3. ڕەچاوكردنی دۆخی كەمی لەوەڕگەكان و كەمی ئالیك و ماددە عەلەفییەكان و نرخەكانیان كە بارگرانی دروست دەكات بۆ سەر خاوەن ئاژەڵی ناوخۆ.
5. هاوردەكردنی ئاژەڵی زیندوو بە پێی ئەم بڕیارە بۆ دابینكردنی گۆشتی سوو‌ر لە بازاڕەكانی هەرێمدا.
دووەم: وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو پێداچوونەوەی پێویست‌ دەكات بە دەرەنجامەكانی جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە لە دوای ڕێكەوتی ١٧ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٢، واتا دوای تەواوكردنی ماوەی جێبەجێكردنی بڕیاری ١٤٥ی تایبەت بە هاوردەكردنی ئاژەڵ لە ڕێگەی هەڵسەنگاندنی دەرەنجامەكانی لەو ماوەیەدا و بەرزكردنەوەی ڕاپۆرت و پێشنیاری پێویست بۆ ئەنجومەنی وەزیران لە لایەن وەزارەتەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
5ی تەممووزی 2022