سێناتی فەرەنسا پشتگیری خۆی بۆ سەقامگیری ھەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە 

شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی ھۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە، سەردانی سێناتی فەرەنسای کرد و لەلایەن کریستیان کامبۆن، بەرپرسی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی سیناتی ئەو وڵاتە پێشوازی کران.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی بە ناوی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی پارتی سوپاسی پشتیوانی بەردەوامی گەل و حکوومەتی فەرەنسای کرد بۆ گەلی کوردستان بە گشتی و  ھەرێمی کوردستان بە تایبەتی. 

بەڕێز سیوەیلی باسی لە بارودۆخی ئێستای عێراق و گرفتەکانی بەردەم پێکھێنانی حکوومەتی داھاتووی فیدڕاڵی و نیگەرانیەکانی گەلی کوردستان بۆ بەڕێزیان کرد و دووپاتی کردەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک ھەمیشە جەخت لەسەر جێبەجێکردنی دەستووری دەکاتەوە.

بەڕێز کریستیان کامبۆن باسی لە سەردانەکانی خۆی کرد بۆ ھەرێمی کوردستان و گوتی، گەلی کوردستان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خاوەنی کەلتوورێکی جوانی ئاشتیخوازانەن کە بووەتە جێگای دڵخۆشی دیموکراتیخوازان و مرۆڤدوستانی جیھان.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی سیناتی فەرەنسا دڵنیاییدا لە بەردەوامی ھاوکاری و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و عێراقدا.

بەڕێز کامبۆن جەختی لە پەیوەستبوونی سیاسەتی فەرەنسا کردەووە بۆ بەدەستھێنانی ئارامی و گەشەسەندنی ئابووری و سیاسی لە عێراق و گەیشتن بە ڕێککەوتنی دەستووری نێوان بەغدا و ھەولێر کە دەبێتە بنەمای پێشکەوتن و سەقامگیری بۆ ئەو وڵاتە و ناوچەکەش. 

لە درێژەی ئەو دیدارەدا رەوشی سیاسی ناوچەکە تاوتوێی کرا، ھۆشیار سیوەیلی باسی لە گرینگی ڕۆڵی فەرەنسا لە ناوچەکە کرد و داوای کرد پێویستە یەکێتی ئەوروپا ھاوکاری زیاتر پێشکەش بە ھەرێمی کوردستان بکات بۆ ئاوارە و پەنابەران و ھەماھەنگی زیاتر لەگەڵ حکوومەتەکانی ناوچەکە بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە بەسەر بەرزانە بگەڕێنەوە جێگای خۆیان و بەرپرسیارێتی پاراستنیان لە ئەستۆی حکوومەت بێت و چی دیکە ڕێگە نەدرێت گرووپە چەکدار و لە یاسا دەرچووەکان ببنە ڕێگر لەبەردەم دووبارە بنیادنانەوەی ژیانێکی شایستە بۆیان.

ھەواڵی زیاتر