پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

سه‌رۆكى ‏هه‌رێمى كوردستان و سیناتۆر لینزى گراهام دۆخى عیراق و ناوچه‌كه‌ تاوتوێ ‏ده‌كه‌ن 

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشەممە 5/7/2022 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى ‏هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ سیناتۆرى ناودارى ئه‌مه‌ریكى به‌ڕێز لینزى گراهام ‏و شاندێكى یاوه‌رى كرد كه‌ له‌ خاتوو ئالینا ڕۆمانۆوسكى باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا له‌ عیراق ‏و جه‌نه‌رال جۆن برێنان فه‌رمانده‌ى هێزى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى و ژماره‌یه‌ك ‏دیپلۆماتكار و پله‌دارانى سه‌ربازیى ئه‌مه‌ریكى پێكهاتبوو.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا دۆخى عیراق و پرۆسه‌ى سیاسیی وڵات، دوایین پێشهاته‌كانى ‏شه‌ڕى دژى تیرۆر، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى ‏كێشه‌كانى نێوانیان، دۆخى سووریا و پرسى كورد له‌و وڵاته‌، تاوتوێ كران.‏

هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگیى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیریی‌ ناوچه‌كه‌ كرده‌وه‌ و ‏كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى مه‌ترسیى تیرۆر و سه‌رهەڵدانه‌وه‌ى داعش هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى ‏ڕاسته‌قینه‌یه‌ له‌سه‌ر ئارامى و سه‌قامگیریی‌ عیراق و سووریا و بۆ ‏به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌و مه‌ترسییه‌، پێویسته‌ ئارامى و سه‌قامگیرى له‌ ناوچه‌كه‌ ‏پارێزراو بێت و هه‌مووان له‌م پێناوه‌دا هه‌وڵ و كۆششیان بخه‌نه‌ گه‌ڕ.‏

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، وێڕاى ده‌ربڕینى سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستان ‏بۆ پشتگیرى و یارمه‌تیدانى ئه‌مه‌ریكا بۆ عیراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ شه‌ڕى دژى ‏تیرۆردا، دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ كلیلى سه‌قامگیرى و چاره‌سه‌كردنى كێشه‌كانى عیراق، ‏چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا یه‌ به‌ گفتوگۆ و به‌پێى ده‌ستوور.‏

په‌یوه‌‌‌ندییه‌كانى عیراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌، ‏دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بایه‌خى ‏هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوو.‏