چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

پرۆژەیەک لە شارۆچکەی مەخمور بە گوژمەی ٧٤٥ ملیۆن دینار جێبەجێدەکرێت

ده‌سته‌ی گشتیی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیدارەی هه‌رێمی کوردستان لە سەرەتای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌می حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چه‌ندین كار و چالاكی و پڕۆژه‌ی جۆراوجۆری به‌پێی پێویستییه‌ ته‌كنیكی و كارگێڕی و خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئەنجام داوە.

سەرەڕای ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە بە هۆی بڕینی بودجە و پەتای کۆرۆناوە تووشی هەرێمی کوردستان بوو، لە ساڵانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان چەندین پڕۆژی ئەنجامداوە، لەوانەش، درووستكردنی باخچه‌، سه‌وزایی و نافووره‌ له‌ شارۆچكه‌ی خانه‌قین به‌ گوژمه‌ی ٩٦١ ملیۆن دینار و درووستكردنی هۆڵی خوێندن و یاریگا بۆ په‌یمانگه‌ی وه‌رزشی له‌ شارۆچكه‌ی خانه‌قین به‌ گوژمەی ٤٤٨ ملیۆن و ٩٩٠ هه‌زار دینار و ده‌رخسته‌ی تایبه‌ت بۆ درووستكردنی شه‌قامەکانی گه‌ڕه‌كی داره‌ كوناره‌ به‌ گوژمەی ١٨٦ ملیۆن و ٢٧٠ هه‌زار دینار.
لە هەمان کاتدا سێ پڕۆژه‌ش له‌ لایه‌ن پارێزگای هه‌ولێر لە شارۆچكه‌ی مه‌خموور و ئیداره‌ی سەربەخۆی گه‌رمیان له‌ سنووری خانه‌قین جێبه‌جێده‌كرێن و تا ئێستاش كاركردن لەو پرۆژانە به‌رده‌وامه‌.
پرۆژەکەی شارۆچكه‌ی مه‌خموور دروستکردنی ڕێگه‌ی گوندی (سه‌لماس)ە كه بە گوژمەی ٧٤٥ ملیۆن دینار جێبەجێدەکرێت، کە‌ درێژییه‌كه‌ی ٤ كیلۆمه‌تره‌ و تا ئێستاش ڕێژه‌ی ١٠% ته‌واو بووه‌ و له‌ كۆی گشتی ئه‌و گوژمه‌یەش ٦٨٢ ملیۆن دیناری بۆ خەرجكراوه‌.
لە سنووری شارۆچکەی خانەقینیش بە گوژمەی ٣٠٥ ملیۆن دینار، چەند بیرێک لێدراوە و کۆگای گەورەی ئاویش درووستکراون کە تا ئێستا ٥٨%ی کارەکانی تەواو بووە و تاوەکو ئێستاش بڕی ١٠٠ ملیۆن دینار بۆ پرۆژەکە خەرجکراوە.

ئەنجامدانی ٦٠ پرۆژەی دیکە
لە بەردەوامیی ئەو پڕۆژانەی کە ده‌سته‌ی گشتیی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان دەیەوێت لەو سنوورانە جێبەجێیان بکات، زیاتر له‌ ٦٠ پڕۆژه‌ن کە به‌ ته‌واوكردنیان خزمه‌تێكی گەورە بە ناوچه‌ کوردستانییەکانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان دەکات و هاووڵاتیانی ئه‌و سنوورانه‌ سوودی لێ ده‌بینن.

بە ئەلیکترۆنیکردنی کاروباری حکوومەت
یەکێکی دیکە لەو کارانەی کە دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی كاروباری حكوومه‌تە بۆ نه‌هێشتنی ڕۆتین و خێراكردنی ڕاپه‌ڕاندنی كاروباری ده‌سته‌کە و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌کان بەشێوەی ئه‌لیكترۆنی له‌ هه‌موو فه‌رمانگه‌كانی سەر بە ده‌ستەکە‌. ئەو پڕۆژه‌یەش به‌ شێوازی سیسته‌می داتابه‌یس بۆ په‌ڕاوه‌كانی تۆماری ١٩٥٧ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ بنه‌ماكان بۆ جێبه‌جێكردنی مادده‌ی ١٤٠ی ده‌ستووری هەمیشەییی عێراق، به‌ هاوبه‌شیی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ناوخۆ جێبەجێدەکرێت و به‌ گوێره‌ی دوایین ڕاپۆرتی تیمی ده‌سته،‌ تا ئێستا لە کۆی ٢ هەزار و ٢٢٢ تۆمار، ٥٣٨ تۆماریان کاریان تێداکراوە. هەروەها کار لەسەر به‌ ئه‌لیكترۆنیكردن و پێداچوونه‌وه‌ و سكانكردن و ڕێكخستنه‌وه‌ و پۆلێنكردنی به‌ڵگه‌نامه‌كانی ڕژێمی پێشووی عێراق له‌سه‌ر به‌ عه‌ره‌بكردن و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچه‌ كوردستانییه‌كان و گواستنه‌وه‌ی زۆره‌ملێی دانیشتووان و كۆچپێكردنیان کراوە.

دۆکیومێنتکردن و ئەرشیفکردن
هەروەها دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، دەستی بە كۆكردنه‌وه‌ی بڕیار و دۆكیومێنته‌كانی ١٨ مانگی ڕابردووی ڕه‌وشی ئه‌منی و سیاسی و گۆڕانكارییه‌ ئیدارییه‌كان و كێشه‌ی خانوو و زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان و جیاكاریی ئاینی و نه‌ته‌وه‌یی له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم کردووە. هەروەها دەست بە ئه‌رشیفكردنی ٨٨ بابه‌ت کراوە، به‌ شێوه‌ی په‌رتووك و نامه‌ی ماسته‌ر و دكتۆرا و ڕاپۆرت و توێژینه‌وه‌ی تایبه‌ت به‌ ڕه‌وشی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم. لەگەڵ ئەوەشدا پێداچوونەوە به‌ ٥١٩ هه‌زار فایلی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان کراوە كه‌ زیانمەندی تاوانه‌كانی ڕژێمی به‌عسی له‌ناوچوو بوون.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری