بڕیارە له‌ هەرێمی کوردستان کارەبا لە وزەی خۆر بگیرێت


لە هەرێمی کوردستان، سەرەڕای ئەوەی بەردەوام هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا دەدرێت، بەڵام هێشتاش کێشەی کارەبا هەر ماوە. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کارەبای ئێراق و هەرێم زۆربەی لە ڕێگەی سەرچاوە کلاسیکییەکانی وەکو نەوت و غاز بەرهەم دەهێنرێت کە ئەمەش هەم دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی ئەو سامانە سروشتیانە، هەمیش ئەو کارەبایەی لێی بەرهەم دێت ئاست و کوالێتییەکەی وەکو کارەبای وڵاتە پێشکەوتووەکان نییە چونکە لە وڵاتە پێشکەوتووەکان بە زۆری کارەبا لە ڕێگەی وزەی خۆرەوە بەهەم دێت، کە وزەکەی هەمووکات بەردەوامە و نە بەفیڕۆدەچێت و نە کۆتایی پێدێت.

بە توێژینەوە و هەروەها بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو لە بواری وزە نوێبوەکان Renewable Energy)) دەرکەوتووە کە باشترین رێگە بۆ بەدەستهێنانی کارەبا وزە نوێبووەکانە، کە دەبێتە ھاندەرێک بۆ کەم کردنەوەی بەفێرۆدانی وزەی کارەبا و کەمتر پشت بەستن بە تۆڕو سەرچاوە کلاسیک و ھایدرۆکاربۆنیەکان بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا، بەڵکو پشت ببەستین بە سیستەم و تەکنیکی وزە نوێبوەکان، بەتایبەتیش ووزەی تیشکی ڕۆژ (Solar Energy) کە لە کوردستان، لە زۆربەی مانگەکانی ساڵ تیشکی ڕۆژ دەدرەوشێتەوە، ئەوەی پێویستمانە بەدامەزراوەکردنی دەزگاکانی کارەباو دەرکردنی چەند یاساو ڕێسایەکە، لەوانەش یاسای کارەبا و وزە نوێبوەکان و ڕۆشەنبیریە ژینگەییەکان کە بنەمان بۆ بەفێڕۆنەدانی وزە و کەمکردنەوەی دەرکردنی گازە ژەھراویەکان کە لە ئەنجامی سوتانی سوتەمەنێکی زۆر لە وێستگەکانی کارەبادا دەردەچن، وە کارکردن بۆ گۆڕینی وزە کۆنەکان و پەرەپێدانی وزەی نوێ و حکومەتیش دەبێت ئامادەکاری بکات لەسەرەتاوە بۆ پارێزگاریکردن لە بەردەوامی دابینکردنی ئەو چەشنە کارەبایە و چەند ھەنگاوێکی تری پێویست.
بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی کارەبای هەرێم، ئەندازیار کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا، پێشوازی لە گرووپێکی کۆمەڵەی کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکانی قەتەر کرد کە بە مەبەستی بەشداریکردن لە پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر سەردانی وەزارەتی کارەبایان کردبوو.
وەزیری کارەبا، پڕۆژە بەرهەمهێنەرەکانی کارەبای بە وزەی خۆر لە لایەن کۆمپانیا ناوخۆییەکانەوە بۆ وەفدەکە باس کرد و ئامادەیی وەزارەتی بۆ زەمینە خۆشکردن بۆ کۆمپانیاکانی قەتەر دەربڕی و هیوای خواست بەشداری لەم پڕۆژانەدا بکەن.
شایەنی باسە بەرهەمهێنانی کارەبا لە چەندان شوێن کراوە لە کوردستان، تاک تاکە ماڵەکان بۆ خۆیان سیستەمی سۆلەریان داناوە و ئیسفادەی لێ دەکەن. ئەندازیاری میکانیک (عەبدوڵا محەمەد) باس لە کارەبای ماڵی خۆی دەکات کە بە وزەی خۆر کار دەکات: ماوەی دوو ساڵە سیستەمی کارەبای وزەی خۆرم داناوە هەرگیز پێویستم بە کارەبای مۆلیدە نەبووە و رامنەکێشاوە، کارەبای نیشتمانیم هەیە تانها بۆ ئاو گەرمکردن، ئەڵبەت زۆربەی کات کارەبام لێ زیادە و لە رێگەی سەعاتی ماڵەوە کارەبا بۆ حکوومەت دەگەرێنمەوە، ئەمەش خەرجی کارەبای حکوومەتم کەم دەکاتەوە یاخود دەیکا بە سفر.
سەماح ئەلئەسمەر، بەرپرسی بەشی گرووپەکە، خواستی کۆمپانیاکانی قەتەری بۆ بەشداریکردن لە پڕۆژەکانی کارەبای هەرێم خستە ڕوو و تەئکیدی کردەوە کە بە پڕۆژەی ستراتیژی و کوالێتی بەرز بەشدار دەبن لە بەرهەمهێنانی کارەبای نیشتمانی بە وزەی خۆر کە ئێستاکە زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکان ئەو میکانیزمە کار پێ دەکەن بۆ بووژانەی سێکتەری کارەبا.

ھەواڵی زیاتر