بەفیڕۆدان و بەفیڕۆچوونی کارەبا، ڕێکار و چارەسەری پێویست


بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندنی کارەبای سلێمانی:
خەڵک لە زستاندا بلۆک گەرم دەکەنەوە و لە هاویندا بلۆک سارد دەکەنەوە
هەموو کات ساڵانە لە کاتی هاتنی وەرزی سەرما و گەرمادا، هاووڵاتیان لۆمەی حکوومەت و لایەنی پەیوەندیدار دەکەن بۆ کەمداگەڕانی بڕی کارەبا و کەمکرانەوەی کاتەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی، بێئاگا لەوەی بەردەوام بڕی زۆری ئەو کارەبایەی دەدرێتە هاووڵاتیان، هەر لە بەلاش، بەفیڕۆ دەچێت.

لە دنیای ئەمڕۆدا وزەی کارەبا ھەڵسووڕێنەری ڕەوڕەوەی ئابووری و گشت چالاکیەکانی ڕۆژانەی مرۆڤە لە دابینکردنی خزمەتگوزاریە بناغەییەکان، لە بوارەکانی تەندروستی، ئاوی خواردنەوە و ..ھتد بۆیە زۆر پێویستە کە بەردەوام تیشک بخەینە سەر دەستپێوەگرتن و بەفێڕۆنەدانی ئەو سامانە نیشتمانیە گرنگە کە ساڵانێکە بەدەست کێشەکەیەوە دەناڵێنین.
دەکرێت بەفێرۆنەدانی وزەی کارەبا بە شێوەیەک پێناسە بکرێت: کە بریتیە لە باشترین بەکارھێنانی سەرچاوەکانی وزەی کارەبا بە شێوەیەکی ژیرانە و بێوەی بۆ پێویستی و ئیشوکاری ڕۆژانە و کارکردنی کارگە و پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان لە پێویستی ماڵان و شوێنە پیشەسازی و بازرگانیەکان بەبێ ئەوەی ھیچ کاریگەرییەکی نەرێنیی ھەبێت لەسەر ژیان و بەرھەمی بەکارھێنەران و گشت جۆرە بەشدارانی کارەبا وە ھەروەھا بەبێ ئەوەی چوستی ئامێر و کەل و پەلە کارەباییەکان و بەرھەمەکانیان کەم بکرێتەوە یان زەرەرمەند بێت.
ئەندازیاری کارەبا (مەحموود غانم) دەربارەی کارەبا دەڵێت رێگەچارەیەکی هەرە گرنگ لە بابەتی پاراستنی کارەبادا، عەزلکردنە بۆ رێکخستنی گەرمی و ساردیی ناو ماڵ، ئەمە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەبا، هیتەری زیاد و سپلیت کەمتر پێ دەکرێت.
سیروان محەمەد بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی رایدەگەیێنێت: “یەکێک لە هۆکارەکانی کەمکردنی کارەبا لە وەرزی زستاندا ئەوەیە کە کارەبا بووەتە شوێنگرەوەی سووتەمەنی و خواست لەسەری زیاد دەکات. دەبێت شێوازی باڵەخانەکانمان بگۆڕین و واز لە بلۆک بهێنین. خەڵک لە زستاندا بلۆک گەرم دەکەنەوە و لە هاویندا بلۆک سارد دەکەنەوە.”
حوسێن حەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێر گوتی: “کارەبا تەنیا بە وەزارەتی کارەبا چاک نابێت؛ چەندین وەزارەتی دیکە پێویستە کاری لەسەر بکەن کە یەکێکیان وەزارەتی شارەوانییە بۆ ئەوەی کار لەسەر ئەوە بکات بینا و خانووەکان نەگەیێنەری گەرمی و ساردی و مەرجیان بۆ دابنرێت تا ماڵان بەکارهێنانی کارەبا کەم بکەنەوە.”
ئامانج لە ژیرانە بەکارھێنان و بەفێرۆنەدانی وزەی کارەبا چاکسازی ئابوریە کە بەمانەی لای خوارەوە کورت دەکرێتەوە:

  • کەمکردنەوەی خەرجیە حکومیەکان و پاشەکەوت لە بووجەی گشتی.
  • کەمکردنەوەی خەرجی فاتۆرەی بەکارھێنانی کارەبای بەکاربەر.
  • دوورکەوتنەوە لە زیادەمەسرەفیی بێپاساو لە بەکارھێنانی وزەی کارەبا و زیانگەیاندن بە ئامێر و تۆڕکانی کارەبا.
  • ھاوکاری و بەشداریێکی نیشتمانی چاڵاکە بۆ پارێزگاری لە ئابووریی ھەرێم و پاراستنی ئاستی بەردەوامی دابینکردنی کارەبا بە چوستیەکی باش.
    قۆناغەکانی بەرھەمھێنان و گواستنەوە و دابەشکردنی وزەی کارەبا کە کارێکی ئاڵۆزە و خەرجێکی زۆری دەوێت بەتایبەتی لە دابیکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا؛ گواستنەوەی کارەبا لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانەوە بۆ شار و شارۆچکە و گوندەکان و شوێنەکانی تر، خەرجییەکی زۆری پێویستە، بۆ نمونە؛ گواستنەوەی کارەبا لە ترانسفۆرمەری کۆڵان و شەقام و ئەپارتمانەکانەوە بۆ دوا بەکاربەر کە بە تەنها خەرجی ئەم قۆناغانە بۆ یەک مێگاوات کارەبا دەگاتە نزیکەی یەک و نیو بۆ دوو ملیون دۆلار. مەخابن کە لە دوای ئەم خەرجیە زۆرە بەرھەمەکە وەک پێویست سوودبەخش نابێت و تەندروست بەکار نایێت و بەفێڕۆ دەرێت یان نزیکەی ٥٠٪ی بۆ خۆگەرمکردنەوە و ئاوگەرمکردن بەکار دێت پێچەوانەی ھەموو وڵاتانی دنیا کە بۆ پێشخستنی ئابووری و تەکنیکە نوێکان بەکار دێت.

دەتوانین بە چەند ڕێگایەک بەفیڕۆچوونی کارەبا کەم بکەینەوە:
• کەمکردنەوە و کوژاندنەوەی گڵۆپەکانی ڕۆشنایی لەو شوێنانەدا کە پێویست نین هەروەها گۆڕینیان بەو گڵۆپانەی کە بڕێکی کەمتر کارەبایان پێویستە یاخود بەکارهێنانی ئەو گڵۆپانەی کە بە وزەی خۆر کار دەکەن لە پارک و شوێنە گشتییەکاندا.
• ئامێرەکانی سیستەمی ئاو گەرمکردن و خۆ گەرمکردنەوە کە پێویستییەکی سەرەکی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤن بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بڕێکی زۆر کارەبایان پێویستە بۆیە باشتر وایە بگۆڕدرێن بەوانەی کە بە گاز کار دەکەن.
ئەمانەو چەندین ڕێکاری تر هەیە کە دەبێ حکوومەت بیگرێتە بەر بۆ هۆشیارکردنەوەی تاکەکان لەسەر ئەم بابەتە هەستیارە.

ھەواڵی زیاتر