گفتوگۆ لەبارەی هەڵبژاردنەوە بەردەوامە و لەم مانگەدا ئەو پرسە یەکلایی دەبێتەوە

گفتوگۆی بەردەوام لە نێوان سەرۆکایەتیی هەرێم و لایەنەکان هەیە بۆ ئەوەی لەسەر یاسای هەڵبژاردن و کۆمیسیۆن بگەنە ڕێککەوتن و، دواتر کۆمیسیۆن بڕیار لە بارەی هەڵبژاردنەوە بدات. بەرپرسێکی کۆمیسیۆنیش، دەڵێ: “هەر کاتێک پارتە سیاسییەکان ڕێک بکەون لەسەر کاتی هەڵبژاردن ئێمە وەکو کومیسیۆن ئامادەین جێبەجێ بکەین. دەشڵێ، ئەگەر هەڵبژاردنیەک بازنە بێت، بۆ ئێمە وەکو لایەنی جێبەجێکار ئاسانترە.

لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سکرتاریەتێک پێک ھاتووە و نوێنەری لایەنەکانی تێدایە، بڕیارە لەم چەند ڕۆژەدا ڕاپۆرتێک ئامادە بکرێت لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی داھاتووی هەرێمی کوردستان و بڕیار بدەن.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤/٢/٢٠٢٢، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی هەرێمی بۆ دەستنیشانکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی واژۆ کرد و بڕیاری دا ڕۆژی ١/١٠/٢٠٢٢ هەڵبژاردن بکرێت. دوای سێ ڕۆژ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد ھاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی بکەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بکرێت، بەڵام تا ئێستا پەرلەمان یاسای هەڵبژاردن و کۆمسیۆنی یەکلایی نەکردووەتەوە.
هەموو سیستەمێکی هەڵبژاردن لایەنی ئەرێنی و نەرێنی خۆی هەیە، ئەگەریەک بازنەیی بێت لایەنی ئەرێنی خۆی هەیە کە نوێنەر دەنگ دێنێت و نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی هەموو خەڵکی کوردستان دەکات، چونکە دەنگی هەموو خەڵک لە پەرلەمان ڕەنگ دەداتەوە، ئەگەر بگەرێینەوە بۆ هەڵبژاردنی کۆتایی عێراق کە چەند بازنەیی بوو، هەبوو بە ٢٥ هەزار ببووە پەرلەمانتار و هەشبوو بە ١٧ هەزار، بۆیە ئەوە جیاوازی هەیە و هەموو سیستەمێکی هەڵبژاردن بێ کەموکووڕی نییە، بەڵامیەک بازنەیی لە بەرژەوەندی خەڵک و حیزبە بچووکەکانە.
پرسی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان گرفتی لە نێوان لایەنەکاندا دروست کردووە، جگە لە پارتی، پێنج حزب داوا دەکەنیاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە، کوردستان دابەش بکرێت بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا، کورسیی کۆتاکان بەسەر ئەو چوار بازنەدا دابەش بکرێت.
بە گوتەی بەرپرسانی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، بەردەوام کار دەکەن لەبارەی پرسی هەڵبژاردن و ئەگەر هەڵبژاردن بکرێت و نەکرێت دەزگا ئەرکەکانی خۆی بەڕێوە دەبات لەڕووی جێبەجێکردن و لێکۆڵینەوە و هەموو پرسێکی تایبەت بە هەڵبژاردن، ئەگەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاری کراوی خۆیدا بەڕێوە بچێت، ئەوە بێگومان پارتی ئامادەیە بۆ بەشداریکردن و بەڕێوەبردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن”.
د. ئارام برادۆستی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی هەولێری هەڵبژاردنەکان، بە “هەولێر”ـی گوت: “گفتوگۆکردن لەسەر وادەی هەڵبژاردن بەردەوامە، بەڵام تا ئێستا ھیچ شتێکی فەرمی بە دەست ئێمە نەگەیشتووە، کە ئایا هەڵبژاردن دوا دەخرێت، یان لە کاتی خۆیدا دەکرێت، بەڵام لەو بڕوایەدام هەڵبژاردن دوابخرێت، چونکە تا ئێستا ھیچ ئامادەکارییەک نەکراوە لەگەڵ ئەوەی ئەو ماوەی کە ماوە ناتوانین ھیچ ئامادەکارییەک بکەین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا، چونکە هەر ھیچ نەکراوە، ئەگەر هەڵبژاردن کرابایە لە کاتی خۆیدا دەبوایە ئامادەکاری بودجە کرابایە، ئامادەکاری تۆماری دەنگدەران کرابایە، بۆیە ناتوانین لەو ماوەیەدا هەڵبژاردن بكەین.
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی هەولێری هەڵبژاردنەکان، گوتیشی: “هەر کاتێک پارتە سیاسییەکان ڕێک بکەون لەسەر کاتی هەڵبژاردن ئێمە وەکو کومیسیۆن ئامادەین جێبەجێ بکەین، بەڵام ئەگەر هەڵبژاردن دوا بخرێت، باشترە ساڵێک دوا بخرێت، چونکە ئەگەر ٦ مانگ دوا بخەین دەکاتە مانگی ٤ ئەو کاتەش مانگی ڕەمەزانە، دەوامی قوتابخانەکانە،ڕەنگە ئەو کاتە کەمێک زەحمەت بێت، لە ھاوینیش گەرمایە، کاریگەریی لەسەرڕێژەی بەشداربووان دەبێت، سەرماش بە هەمان شێوە ڕەنگە ڕێگەوبانەکان بگیرێن، پایز بێت باشترە،، بۆیە پێموایە هەر دەکەوێتە پایزی داھاتوو.
د. ئارام برادۆستی، ئاشکراشی کرد: “کۆبوونەوەی دەزگای هەڵبژاردنی حزبەکان لە سەرۆکایەتیی هەرێم بەڕێوەدەچێت جاری یەکەم کۆمیسیۆنیش تێدا بەشدار بوو، لایەنە سیاسییەکان ڕاوبۆچوونی جیاوازییان هەیە، دەربارەی تۆماری دەنگدەران، بازنەکانی هەڵبژاردن، بۆیە سەرۆکایەتی هەرێم دەورێکی باشی بینی لە نزیککردنەوەی لایەنە سیاسییەکان.
ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن، ڕوونیشی کردەوە: “بە هەر شێوەیەک هەڵبژاردن بکرێت، یەک بازنەی بێت، یان فڕە بازنەیی ئێمە کێشەمان نییە و جێبەجێ دەکەین، بەڵام ئاسانترە بۆ ئێمە وەکو لایەنی تەکنیکییەک بازنە بێت.
د. ئارام برادۆستی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی هەولێری هەڵبژاردنەکان، جەختی لەوەش کردەوە: “زۆر پێویست بوو هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا کرابایە، لەبەر ئەوەی پێوەرێکی نێودەوڵەتییە هەڵبژاردن دەورییە و بە گوێرەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان چوار ساڵ جارێکە، زۆر گرنگە ئێمە هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا بکەین و دوا نەخەین، لەبەر ئەوەی پەیوەندیی بە نوێ بوونەوەی شەرعیەتی پەرلەمان و شەرعیەتی حکوومەت هەیە”.

ھەواڵی زیاتر