ژنانی ڕزگاربووی ئێزدی، بە دابینکردنی مووچەی مانگانە قەرەبوو دەکرێنەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ژنانی ڕزگاربووی ئێزدی دەستی تیرۆریستانی داعش ئەگەر لە هەرێمی کوردستان بن یان لە هەر شوێنێکی عێراق و تەنانەت دەرەوەی وڵات، ناونووس دەکرێن بۆ ئەوی بە گوێرەی یاسایەکی پێوەندیدار بە قەرەبووکردنەوەیان، مانگانە مووچەیان بۆ ببڕدرێتەوە، ناونووسکردنەکە لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە دەست پێ دەکات و لە دهۆک نووسینگەیەکی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەم کارە هەڵدەستێت.

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق ڕای گەیاند لە مانگی ئابی ئەمساڵەوە دەست بە ناونووسین، بەمەبەستی بڕینەوەی مووچەی مانگانە بۆ ژنانی ڕزگاربوی ئێزدی دەکرێت.
سەراب ئەلیاس بەڕێوەبەری گشتی ژنانی ڕزگاربوو لە دەستی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، گوتوویەتی لەگەڵ تەواوی ژنانی ڕزگاربووی ئێزدی چاوپێکەوتن دەکرێت و تەنانەت ئەوانەش کە لە دەرەوەی عێراق دەژین، ماڵپەڕێکی ئەنتەرنێتی تایبەتییان بۆ دەستنیشان کراوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئۆنلاین چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا بکرێت.
ئەو هەنگاوەی حکوومەتی عێراق تەنیا بۆ ژنانی ڕزگاربووی ئێزدی دەستی داعشە و جارێ بۆ منداڵەکان هیچ بڕیارێکی نوێ لە ئارادا نییە و مووچەبڕینەوەکە منداڵان ناگرێتەوە.
وەک ئەو بەڕێوەبەرە خستوویەتە ڕوو ناونووسینیان لە مانگی داهاتووەوە دەست پێ دەکات و بۆ یەکەم جار مووچەیان بۆ دەبردرێتەوە و ئەمەش پێوەندیدارە بە جێبەجێکردنی یاسای ژنانی ڕزگاربووی ئیزدی کە لە پەرلەمانی عێراق پەسند کراوە.

ناونووسینەکە لە ڕێی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق دەکرێت و بەگوێرەی ئەو ئامارەی خستیەروو ژمارەی ئەو ژنە کوردە ئێزدییانەی لە دەستی داعش ڕزگار کراون دەگاتە سەرووی سێ هەزار کەس، بەڵام ژمارەی ئەو ژنانەی کە کریستیان، یان شەبەک و تورکمانن هێشتا دیار نییە چەندن و یاساکەش ئەو منداڵانە لەخۆ ناگرێت لە ئاکامی دەستدرێژیی تیرۆریستانی داعش لەدایک بوون.
بەهۆی ئەوەی کە زۆربەی ژنانی ڕزگاربووی ئێزدی لە هەرێمی کوردستانن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دهۆک نووسینگەیەکی تایبەت بە ناونووسکردنی ئەو ژنانە دەکاتەوە.
بەپێی دواین ڕاپۆرتی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق دادگاکانی پارێزگای نەینەوا ناوی هەزار و ٢٥٩ ژنی ئێزدییان تۆمار کردووە کە لە لایەن داعش ڕفێنراون و لەو ژمارەیە ٥٦٤ کەسیان تەمەنیان لە خوارووی ١٨ ساڵدایە و چارەنووسی ١٤٥ ژنیش بە هیچ شێوەیەک دیار نییە.
پێویستە بگوترێت نزیکەی هەشت ساڵ لەمەوبەر و لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٤ کەمتر لە دوو مانگ دوای داگیرکرانی مووسڵ لە لایەن چەکدارانی تیرۆریستی داعش، هێرش کرایە سەر شنگال و بەشێکی بەرچاو لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و لە ئاکامدا سەدان هەزار کەس لە دانیشتووانی ئەو ناوچانە ئاوارە بوون و دەیان هەزار کەس کەوتنە دەستی تیرۆریستانی داعش کە بە هەزارانیان جینۆساید کران و بە هەزارانی تر بێسەروشوێن کران.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆرترین ڕۆڵی هەبووە لە پڕۆسەی بەدواداچوون و ڕزگارکردنی ئێزدییەکان و زۆرینەی بەرچاوی ئەو ئێزدییانەی لە دەستی داعش ڕزگار کراون بە هۆی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەر لەسەرەتاوە داڵدەی ئێزدییە لێقەوماەکانی داوە و لە کەمپ و شوێنی جیاجیادا کۆی کردوونەتەوە و هەموو هەوڵێکیشی داوە تا بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام دۆخی نالەباری ناوچەکانیان و بوونی میلیشیای جیاواز لە سنووری نیشتەجێبوونیان ڕێگر بووە لە ئاوەدانکردنەوەی شنگال و ناچەکانی تر، دوای هەشت ساڵ لە ژێر گوشاری هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و پاشان پەسندکردنی یاسایەکی پێوەندیدار لە پەرلەمانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢١، تازە خەریکە حکوومەتی عێراق هەندێک هەنگاو بۆ قەرەبووکردنەوەیان دەنێت.

ھەواڵی زیاتر