٢ نەخۆشخانەی حکوومی لە سلێمانی کرانەوە

دوێنێ، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێم و د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی و د.هەڤاڵ ئەبوبەکرد، پارێزگاری سلێمانی، لە پرێس کۆنفرانسێکدا کردنەوەی ٢ نەخۆشخانەی حکوومی لە شاری سلێانی ڕاگەیەندرا.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت، لە پرێس کۆنفرانسەکەدا، ڕایگەیاند؛ جێگەی دەستخۆشییە سەرباری ئەو فشارە زۆرانەی بەهۆی کۆرۆنا و کۆلێرا و قەیرانی داراییەوە رووبەڕووی کەرتی تەندروستی هەرێمی کوردستان بووه‌وە، کەچی ئەو کەرتە توانای رووبەڕوویان ببێتەوە و لەسەر پێی خۆی بوەستێت.
جەختی لەوەش کردەوە، ئەوان وەک سەرۆکی حکومەت و ستافی کابینەی نۆیەم بەڵێنیان بە خەڵکی کوردستان داوە، خزمەتکاری خەڵک بن و گرنگیدان بە کەرتی تەندروستیش بەشێکە لەو بەڵێنە.
د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی کردنەوەی ٢ نەخۆشخانەکەوە، ڕایگەیاند؛ هه‌ردوو نه‌خۆشخانه‌كه‌ی سلێمانی حكومییه‌ و له‌ رێگه‌ی كۆمپانیای قه‌یوانه‌وه‌ نۆژه‌نكراونه‌ته‌وه‌ و بڕیاره‌ بڕیاره‌ سبه‌ی پێشوازی له‌ نه‌خۆش بكرێت.
گوتیشی؛ وه‌زاره‌ته‌كه‌یان گرنگی به‌ نه‌خۆشخانه‌ حكومییه‌كان ده‌دات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆرترین خزمه‌تگوزاری له‌ رێگه‌ی نه‌خۆشخانه‌ حكومه‌ییه‌كانه‌وه‌ پێشكه‌ش كراوه‌، له‌ ساڵی رابردوو 223 هه‌زار نه‌شته‌رگه‌ری له‌ نه‌خۆشخانه‌ حكومییه‌كان ئه‌نجامدراون، له‌ به‌رامبه‌ر به‌وه‌ 69 هه‌زار نه‌شته‌رگه‌ری له‌ نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌كان كراون، واتا 76%ی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ نه‌خۆشخانه‌ حكومه‌ییه‌كانه‌.
لای خۆیشیەوە، د.سەباح هەورامی، بەڕێوبەری تەندروستی سلێمانی، رایگەیاند، نەخۆشخانەی هەرس و جگەر لەسەر بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان نۆژەنکراوەتەوە، لەمڕۆوە دەرگای هه‌ردوو نه‌خۆشخانه‌كه‌ بەڕووی هاووڵاتیاندا دەکرێنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، نەخۆشخانەکە پێشتر یەکێك بووە لە نەخۆشخانەی هەناوی و دواتر بووە بە سەنتەر و لە ئێستاشدا گۆڕیویانە بۆ نەخۆشخانەیەک و ئاستی خزمەتگوزارییەکانی زۆر بەرز دەبێت و لەسەر ئاستی عێراق دەبێتە سێیەم نەخۆشخانەی لەو جۆرە.
گوتیشی؛ پێشتر بەمەبەستی نۆژەنکردنەوە نەخۆشخانەی هەرس و جگەریان داخست، زۆر تۆمەتیان بۆ هەڵبەسترا، گوایە دەفرۆشرێت و دەدرێتە کەرتی تایبەت، بەڵام ئەوان بەمە دوو ئامانجیان پێکا،یەکەمیان بردنە دەرەوەی فریاکەوتن بوو بۆ نەخۆشخانەی شار و لەهەمانکاتیشدا نەخۆشخانەکەیان نۆژەنکردەوە.

ھەواڵی زیاتر