چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

نووسه‌ر و شاعیری ناسراوی هه‌ولێر (نه‌وزاد ڕه‌فعه‌ت) کۆچی دواییكرد

ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ 4-7-2022 نووسه‌ر شاعیرناسراوی شاری هه‌ولێر (نه‌وزاد ڕه‌فعه‌ت ) به‌ هۆی نه‌خۆشی كۆچی دواییكرد.
ناوی ته‌واوی(نه‌وزاد حاجی ڕه‌فعه‌ت عه‌بدوڵڵا سه‌بری)ه‌، له‌ ساڵی ١٩٥١ له‌ شاری هه‌ولێر له‌ خانه‌واده‌یه‌كی كورد په‌روه‌ر له‌دایك بووه‌، خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌ قوتابخانه‌ی(ابن خلكان- ئیبن خه‌له‌كان)ی كوڕان و قوناغه‌كانی دیكه‌ی خوێندنی هه‌ر له‌ هه‌ولێر ته‌واو كردووه‌، ساڵی ١٩٧٠ له‌ به‌شی كوردی كۆلێژی ئادابی زانكۆی به‌غدا وه‌رگیراوه‌، له‌ ئاداری ساڵی ١٩٧٤ پاش تێكچوونی بارو دۆخی قوتابیانی كورد به‌ تایبه‌تی و هه‌موو كوردانی دانیشتووی به‌غدا به‌ گشتی له‌ ئه‌نجامی رێكنه‌كه‌وتنی سه‌ركردایه‌تی كورد له‌گه‌ڵ رژێمی ئه‌وسای به‌غدا بۆ جێبه‌جێكردنی ته‌واوی به‌نده‌كانی به‌یاننامه‌ی ١١ ئاداری ساڵی ١٩٧٠، به‌شی زۆری ئه‌دیب و ڕۆشنبیرانی كورد له‌ كۆلێژه‌كانی زانكۆی به‌غدا ڕوویان له‌ شاخ كردوو بوونه‌ پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، نه‌وزاد ڕه‌فعه‌تی شاعیریش یه‌كێك بوو له‌و ڕه‌وشنبیرانه‌ی كه‌ خۆی گه‌یانده‌ ڕیزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و له‌وێ له‌ رادیۆی ده‌نگی كوردستان وه‌كو نووسه‌ر و وه‌رگێڕ ده‌ست به‌كار بووه‌، له‌گه‌ڵ نسكۆی شۆڕشی كورد گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ به‌غدا و به‌رده‌وام بووه‌ له‌ خوێندنی تا سالێ ١٩٧٥ به‌كالۆریۆسی له‌ زمان و ئه‌ده‌بی كوردی له‌ كۆلێژی ئادابی زانكۆی به‌غدا به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌ هه‌ولێر وه‌كو فه‌رمانبه‌ر له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر دامه‌زراوه‌.
نه‌وزاد ڕه‌فعه‌ت له‌ كۆتایی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو ده‌ستی به‌ شیعر نووسین كردووه‌، له‌ سه‌ره‌تای حه‌فتاكان به‌ ته‌واوی چۆته‌ ناو دنیای شیعر و نووسینی ئه‌ده‌بیاته‌وه‌، سه‌رده‌می ئه‌و بزووتنه‌وه‌ی شیعری نوێخوازی كه‌ (به‌ڕوانگه‌) ناسراوه‌ له‌ ئارادا بوو، هه‌رچه‌نده‌ هه‌موو شاعیرانی ئه‌و سه‌رده‌م كه‌وتبوونه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ری بزووتنه‌وه‌ی ڕوانگه‌، به‌ڵام ئه‌و شێواز و ستایلێكی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌بوو له‌ شیعر نووسیندا، ئه‌و شیعره‌كانی به‌ وشه‌ی كوردی ڕه‌سه‌ن و ساده‌ و ساكار و پاراو نووسیوه‌، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێ جاریش زه‌روورییه‌تی شیعر وایلێكردووه‌ زمانی ناوچه‌ییش به‌كار بهێنیت.
نه‌وزاد ڕه‌فعه‌ت به‌ یه‌كێك له‌  شاعیره‌ هه‌ره‌ باشه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌م هه‌ژمار ده‌كریت، ئه‌و له‌گه‌ڵ هاوڕێ شاعیره‌كانی ئه‌و كات هه‌ر یه‌ك له‌(شیركۆ بێكه‌س، عه‌بدوڵڵا په‌شیو، جه‌لالی میرزا كه‌ریم، له‌تیف ‌هه‌ڵمه‌ت، فه‌رهاد شاكه‌لی، ئه‌نوه‌ر قادر جاف، جه‌لال به‌رزنجی، دڵشاد عه‌بدوڵڵا ، عه‌بدوڵڵا عه‌باس ، سه‌لام محه‌مه‌د ، سه‌ڵاح شوان و چه‌ندانی دیكه‌ توانیان شیعری نوێخوازی كوردی بگه‌یننه‌ لوتكه‌.
نه‌وزاد ڕه‌فعه‌ت له‌ ساڵانی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابڕدوو كه‌ قوتابی بوو له‌ به‌شی كوردی كۆلێژی ئادابی زانكۆی به‌غدا به‌شداری له‌ هه‌موو كۆڕوكۆبوونه‌وه‌ و میهره‌جانه‌ شیعری و ئه‌ده‌بییه‌كانی ده‌كرد كه‌ له‌به‌غدا رێكده‌خرا، ئه‌وه‌تا له‌ میهره‌جانی شیعری كۆمه‌ڵی هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی-لقی به‌غدا به‌شداری كردووه‌ و پاڕچه‌ شیعری(خه‌وێك…له‌ باوه‌شی ئاڤێستادا) خوێندۆته‌وه‌ و دواتر له‌ یه‌كێ له‌ ژماره‌كانی ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی بڵاوكرایه‌وه‌ و  نیمچه‌ هه‌رایه‌كی ناوه‌ له‌ ناو ئه‌دیب و شاعیران، له‌ یادمه‌ ڕه‌خنه‌گران زۆریان له‌سه‌ر نووسینی هه‌تا دكتۆر عیزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سوڵیش وتارێكی ڕه‌خنه‌یی له‌سه‌ر نووسی.
نه‌وزاد ڕه‌فعه‌ت كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌می له‌ شیعر و وه‌رگێڕان و نووسینی دیكه‌ی هه‌مه‌جۆری له‌ زۆر له‌ رۆژنامه‌ و گۆڤاره‌ كوردییه‌كان بڵاوكردۆته‌وه‌ و ئه‌م به‌رهه‌مانه‌شی له‌ چاپداوه‌ و بڵاویكردوونه‌ته‌وه‌:
-تیری ئایرۆس، كۆمه‌ڵه‌ شیعر.
-نیگه‌ران، كۆمه‌ڵه‌ شیعر.
باڵه‌كانم بده‌ره‌وه‌، هه‌شته‌مین كۆشیعرییه‌تی، كه‌ له‌سه‌ر ئه‌ركی خانه‌ی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی موكریانی له‌ چاپخانه‌ی ماد له‌ تاران چاپكراوه‌.
-كورته‌ چیڕۆكی منداڵان، نووسین و وه‌رگێرانی جۆی و نیگاركیشانی هونه‌رمه‌ند چۆمان نه‌جمه‌دین.
نه‌وزاد ڕه‌فعه‌ت زۆر چالاكانه‌ به‌شداری له‌ به‌شی زۆری چالاكییه‌كانی كۆمه‌ڵی هونه‌ر و وێژه‌ و یه‌كێتیی نووسه‌رنی كوردی كردووه‌ چ ئه‌و ماوه‌ی له‌ به‌غدا چ پاشتر له‌ هه‌ولێر . له‌ ٢٨-٥-١٩٧٧ له‌ كۆڕێكی چیڕۆكنووس و ڕۆماننووسی گه‌وه‌ره‌ی كورد حوسێن عارف ئه‌و كۆڕه‌كه‌ی به‌ڕیوه‌بردووه‌، له‌ نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو كۆڕێكی شیعر خوێندنه‌وه‌ بۆ  نه‌وزاد ڕه‌فعه‌ت له‌ باخچه‌ی كۆشكی (نازه‌) كه‌ یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد لقی هه‌ولێر   رێكیخسبووه‌ ئه‌ویش شیعری(ده‌ربازبوون)ی خوێندۆته‌وه‌، شاعیر و نووسه‌ر كه‌ریم ده‌شتی كۆڕه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌بردبوو.
هه‌ندێ له‌ شیعره‌كانی نه‌وزاد ڕه‌فعه‌ت وه‌رگێڕدراونه‌ته‌ سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی له‌ لایه‌ن نووسه‌ر و وه‌رگێڕ جه‌لال زه‌نگابادی.