پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

تەنیا لە شەش مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە یەك ملیۆن گەشتیار سەردانی شاری هەولێریان كردووە

ژمارەی گەشتیارانی ناوخۆ و پارێزگەكانی عێراق و وڵاتانی بیانی بۆ هەرێمی كوردستان زیادی كردووە، لە ماوەی تەنیا شەش مانگدا 1,117,395  گەشتیار سەردانی شاری هەولێر و دەوربەریان كردووە، بە بەراورد بە پێشوو ڕێژەی بە 15% ژمارەی گەشتیاران بەرزبووەوەتەوە و لە بەرزبوونەوەی بەردەوامیش دایە.
كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات، بەشێوەیەكی باشتر بایەخ بە سێكتەری گەشتوگوزار و پەرەپێدانی ئەو سێكتەرە دەدات و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین هەنگاوی چاكسازی و ئاسانكاری لە بەرژەوەندی سێكتەرەكەدا گرتووەتەبەر و ئەمەش كاریگەری لەسەر بەرزكردنەوەی ژمارەی گەشتیاران بۆ هەرێمی كوردستان هەبووە.
بە گوێرەی دوایین ئامار، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێردا لە ماوەی تەنیا شەش مانگی 2022دا 1,117,395  گەشتیاری ناوخۆ و پارێزگەكانی عێراق و  بیانی سەردانی هەولێر و دەوروبەریان كردووە، لەم ژمارەیەدا 238,531 گەشتیاریان بیانین، ئەمەش لەكاتێكدایە ئێستا لە شاری هەولێر هەفتانە هەرجارەی لە یەكێك لە پاركەكاندا ئاهەنگ و كەرنەڤاڵی هونەری و مۆسیقی بۆ گەشتیارانی ناوخۆ و بیانی ڕێك دەخرێت و ئاسانكاری زۆریش بۆ گەشتیاران دەكرێت.