سێشەممە, تشرینی دووه‌م 5, 2024
Image default

ئومێد خۆشناو: هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت بۆ چەند رۆژێک نییە

ئەمڕۆ 3ـی تەموزی 2022، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت بۆ چەند رۆژێک نییە، ئەوە بابەتێکی ستراتیژیە و بەردەوامی دەبێت.

ئومێد خۆشناو دووبارە داوای لەو هاووڵاتییانە کرد کە چەکی بێ مۆڵەتیان هەیە، رادەستی لایەنە ئەمنیەکانی بکەن و لەم هەڵمەتە نیشتیمانیەدا بەشداربن.

ناوبراو گوتیشی: “هەڵمەتەکە لەپێناو پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان و رێگریکردنە لەو دیاردە دزێوانەی ناخی هەموومانی هەژاند”.

سەبارەت بە ئامادەکاریەکان بۆ جەژنی قوربان، پارێزگاری هەولێر باسی لەوە کرد، “قوربانیکردن لەناو ماڵ و گەڕەکەکان قەدەغەیە و بۆ راییکردنی کارەکانی هاوڵاتییان لە رۆژانی جەژندا، کوشتارگەمان راسپارد، کاتی دەوامی درێژ بکاتەوە و تیمەکانی زیاتر بکەن و لە 24 کاتژمێردا 14 کاتژمێر لە خزمەتی هاووڵاتییاندا کراوە بێت”.

لە کۆنفرانسی پارێزگاری هەولێردا ئاماژە بە ئامادەکاریەکان بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیارانی پارێزگای هەولێر کرا و ئومێد خۆشناو لەو بارەیەوە گوتی: “بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە سارەکانی ناوەراست و باشووری عێراق، ژمارەیەکی زۆری گەشتیار روو لە هەولێر دەکەن، هەربۆیە بەپێی ئەو پلانەی کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری هەولێر و تیمەکانی قائیمقامیەت و کۆمەڵەی میوانخانەکان داڕێژرا، بڕیاردرا لە رۆژانی جەژندا چێشتخانە و شوێنە گەشتیاریەکانی هەولێر کراوەبن و ئامادەکاری بکرێت، هاوکات تیمەکانی گەشتوگوزار لە هەموو بازگەکان بوونیان دەبێت و رێنوێنی و ئاسانکاری پێشکەش بە گەشتیاران دەکەن”.