بڕیارە كەمێكی دیكە، سەرۆك بارزانی لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، سەرۆك بارزانی، لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە و دوایین پێشهاتەكانی عێراقیان لەگەڵ تاوتوێ دەكات.
لەمبارەیەوە ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، كۆبوونەوەكە بۆ گفتوگۆكردنە لەبارەی هەڵوێستی پارتی لەسەر دۆخی سیاسیی عێراق و پێكهێنانی حكوومەتی عێراق.
ئەمە لە كاتێكدایە كە دوای كشانەوەی كوتلەی سەدر لە پەرلەمانی عێراق و پرۆسەی سیاسیی وڵاتەكە، چاودێران ئاماژە بە خراپتربوونی دۆخی عێراق دەكەن، بە تایبەتیش كە زیاتر لە 8 مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كراوە و تاوەكوو ئێستا، بەهۆی ناكۆكییە سیاسییەكانی نێو پێكهاتەی شیعە، نەتواندراوە حكوومەتی تازە لە عێراق پێك بهێندرێت.