پارێزگاری هەولێر : 46 به‌نزینخانه‌ سزا دران

ئەمڕۆ پێنجشەممە ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رای گەیاند 46 بەنزینخانەی تریان سزا داوە، بەهۆی فرۆشتنی بەنزینی خراپ و دەستکاریکردنى كوالیتیی بەنزین.

پارێزگاری هەولێر لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی “فەیسبووك” بڵاوی كردەوە بەهۆی خراپی ئەو بەنزینەی دەیفرۆشن بە هاووڵاتیان و له ‌به‌رامبه‌ر دەستکاریکردنى كوالیتی به‌نزین، لە ماوەی دوو هەفتەدا 46 بەنزینخانەی تر لە هەولێر و دەوروبەرى لەلایەن لیژنەى پشکنین و چاودێریکردنى بەنزینخانەکانى سەر بە بەڕێوەبەرایەتیى نەوت و کانزاکانى هەولێر سزا دراون، ڕێکارى یاسایی لە بەرامبەر خاوەنەکانیان گیراوەتەبەر.

هەروەها ئاشكرای كردووە كە کۆی گشتی ئەو بەنزینخانەی لە سەرەتای ئەم مانگەوە تاکو ئەمڕۆ سزا دراون، 122 بەنزینخانەن، لەو ژمارەیەشدا سێ بەنزینخانە بەهۆی دووبارەکردنەوەی سەرپێچی و فرۆشتنی بەنزینی خراپ و دەستکاریکردنى كوالیتی، ناوەکانیان بڵاو دەکەنەوە:
ناوی بەنزینخانەکان:-
یەکەم/ بەنزینخانەی فیرارى.
دووەم/ بەنزینخانەی هیوا/ تەیراوە.
سێیەم/ بەنزینخانەی رۆڤا.

لە كۆتاییشدا هاووڵاتییانی دڵنیا كردووەتەوە كە تیمەکانى لیژنەى پشکنین و چاودێریکردنى بەنزینخانەکان بەردەوامن لە گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر هەر کەس و خاوەن بەنزینخانەیەک کە بەنزینى خراپ دەفرۆشنە هاووڵاتییان و دەستکاری کوالێتی بەنزین دەکەن