بۆ دەستبەسەردا گرتن و داخستنی شوێنی چەک فرۆشتن لە هەولێر چەند بریارێکدرا

لە هەولێر بۆ دەستبەسەردا گرتنی چەکی بێ مۆڵەت و داخستنی شوێنی چەک فرۆشتن چەند بڕیارێکدرا، پارێزگاری هەولێریش رایگەیاند: “لە ئەمڕۆوە بڕیارەکان دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: دوای ئەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆی راسپارد، بۆ ئەوەی هەرچی شوێنی فرۆشتنی چەک هەیە لە هەرێمی کوردستان دابخرێت، هەروەها هەڵمەتی دەستبەسەردا گرتنی چەکی بێ مۆڵەت دەست پێبکات لە هەرێمی کوردستان، هەر ئەمڕۆ ئێمە وەک لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر گفتوگۆ کردن لەگەڵ وەزیری ناوخۆ بۆ جێبەجێکردنی ئەو فەرمانەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکماندا، لە ئەمڕۆوە ئەو بڕیارانە دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە”.

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: “بڕیارەکان بریتین لە:

-داخستنی چەک فرۆشتن لە هەولێر، لە کاتژمێر 2ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەو بڕیارە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەر شوێنێک چەکی لێ بفرۆشرێت دادەخرێت.

-هەر کەسێک پابەند نەبێت بەو بڕیارە یان بیەوێت لە جێگەی دیکە چەک بفرۆشێت رووبەڕووی یاسای توند دەبێتەوە.

– هێزەکانی ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی و پێشمەرگە، راسپێردران بۆ پێکهێنانی هێزی هاوبەش و دانانی بازگە و گەڕان لەو شوێنانەی کە گومان دەکرێت خەڵکی چەکی بێ مۆڵەتی هەبێت، ئەو هێزە هاوبەشە لە ئەمڕۆوە دەستبەکار دەبێت بۆ دەستبەسەردا گرتنی چەکی بێ مۆڵەت.

دەبێ پرسگەی هەموو فەرمانگەکانی حکومەت لە سنووری پارێزگای هەولێر بەشێک بن لە هەڵمەتەکە، ئەو کەسانەی روودەکەنە فەرمانگەکان چەکیان پێبێت دەستی بەسەردا دەگیرێت.

-ئاسایشی بازگەکان راسپێردران لە ئەمڕۆوە لەگەڵ ئیجرائاتەکانی ئەمنی رۆژانەی خۆیان ئیجرائاتەکانی نوێش جێبەجێ بکەن، لێکۆڵینەوە لەو کەسانە دەکرێت کە بە بازگەکاندا تێپەڕ دەبن هەر کەسێک چەکی بێ مۆڵەتی پێبێت دەستبەجێ دەستی بەسەردا دەگیرێت.

-ئەو هێزە هاوبەشە لە هەموو کات و شوێنێکدا کە پێویست بێ بازگە دادەنێت، بۆ جێبەجێکردنی ئیجرائاتەکان.