سەرۆکی حکوومەتی هەرێم پێشوازی له‌ باڵوێزی بەڕیتانیا لە عێراق کرد 

 ئه‌مڕۆ مه‌سروور بارزانی پێشوازی له‌ بالوێزی به‌ریتانیا له‌عێراق كرد و گۆڕانكاری و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی عێراق و په‌یوه‌ندییه‌كانی نیوان هه‌رێمی كوردستان و به‌ریتانیا تاوتوێ كران.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 30/6/2022، مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ مارک برایسن ریچاردسن، بالوێزی به‌ریتانیا له‌عێراق كرد، لە دیدارێكدا کە دەیڤد هانت، کونسولی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا تاووتوێ کران.

هه‌ له‌و دیداره‌دا هه‌ردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی، بەتایبەت پرسی نەوت و گاز لە سەر بنەمای دەستوور.

له‌و دیداره‌دا جه‌خت كرایه‌وه‌ کە هەرێمی کوردستان، پابەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی دەستوور جێبەجێ کردووە و پێویستە حکوومەتی فیدراڵیش، ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی هەرێم بگرێت و وەک قەوارەیەکی فیدراڵی، ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات.

له‌ دیداره‌كه‌دا، مه‌سروور بارازانی جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ کە هەرێمی کوردستان، هەمیشە ئامادەیە بۆ گفتوگۆ و گەیشتن بە ڕێککەوتنێک، کە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانی تێیدا پارێزراو بێت و لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت.