جوتیار عادل: هیچ كۆمپانییایه‌كی نه‌وت له‌ هه‌رێمی كوردستان نه‌كشاوه‌ته‌وه‌

جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌نووسیدا رایگه‌یاند، ئه‌وكه‌سه‌ی تاوانی كووشتنی دوو مامۆستاكه‌ی زانكۆی سه‌لاحه‌دینی ئه‌نجامداوه‌ ده‌بێت بگات به‌ سزای خۆی.

جوتیار عادل له‌باره‌ی پرسی داماڵینی چه‌ك ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، 10 هه‌زار چه‌ك و به‌ ده‌یان هه‌زار فیشه‌كی بێ مۆڵه‌ت ده‌ستی به‌سه‌ر داگیراوه‌ و له‌ پرۆسه‌كه‌ش به‌رده‌وام ده‌بین، ئێمه‌ وه‌كو حكومه‌تی هه‌رێم پێمان وایه‌ ئه‌و ئامرازانه‌ی ده‌بنه‌ هۆی ئه‌نجامدانی تاوان، ته‌نیا مه‌سه‌له‌ی چه‌ك نییه‌، پرسی میدیا و سۆشیاڵ میدیاش كاریگه‌رن بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م دیاردانه‌‌، ده‌بێت له‌ رێگه‌ی پاكێجێكی گشتگیر چاره‌سه‌ری ئه‌م پرسه‌ بكه‌ین”.

گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی پرسی به‌نزینه‌وه‌ گوتی: “حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مانگانه‌ 31 ملیۆن دۆلار بۆ پاڵپشتی نرخی به‌نزین دابین ده‌كات، كوالێتیی به‌نزین‌ به‌ گوێره‌ی پێوه‌ری وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كانه‌”.

جوتیار عادل ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، نزیكه‌ی 470 دینار پاڵپشتی به‌نزینی 690 دینارییه‌، له‌ ئێستادا له‌ عێراقه‌وه‌ به‌نزین بۆ هه‌رێمی كوردستان نایه‌ت، بابه‌ته‌كه‌ به‌ باشی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، به‌رده‌وامیش ده‌بین.

هه‌روه‌ها گوتیشی: “ئه‌وانه‌ی هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر كێڵگه‌ی كۆرمۆر ده‌زانین كێن و بۆچ ئامانجێك ئه‌م كاره‌یان كردووه‌، به‌ڵام چاوه‌ڕێی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ین”.

له‌باره‌ی پاراستنی ناوچه‌ بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه جوتیار عادل هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد، “فه‌رمان به‌هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌ به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سوپای عێراق كرا كه‌ بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌كان بپارێزن”.

جوتیار عادل جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌، بۆچوونی حكومه‌تی هه‌رێم به‌و ئاراسته‌یه‌ رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا بكرێت، بۆ یه‌كه‌مینجاره‌ هه‌رێمی كوردستان داهات و خه‌رجییه‌كان بۆ دیوانی چاودێری فیدراڵ بنێرێت، ئه‌مه‌ نیه‌ت پاكی هه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌ ئاره‌زووی رێكه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا”.

هه‌روه‌ها جوتیار عادل باسی له‌وه‌ش كرد، هیچ كۆمپانییایه‌كی نه‌وتی كه‌ رێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، نه‌كشاوه‌ته‌وه‌”.

له‌باره‌ی پڕۆژه‌ یاسای بوودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان جوتیار عادل روونیكرده‌وه‌، حكومه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ بوودجه‌ی هه‌بێت، تاوه‌كو بزانین كورتهێنان له‌ كوێوه‌ دروست ده‌بێت، یاخوود قه‌رزه‌كان چۆنن”.