هاوپەیمانان یەکەکانی 70 و 80ی پێشمەرگە کۆدەکەنەوە 

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، لەمیانی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی باڵای سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکەکانی 70 و 80ی هێزی پێشمەرگە کوردستان و گروپی راوێژکارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ( MNAG )، جەخت لە به‌رده‌وامیدان بەکارەکانی رێکخستنەوەی تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە كرایه‌وه‌، به‌تایبه‌ت دروستکردنی یەکەی سەربازی (فرقە) بۆ بەهێزکردنی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ(القیادة والسیطرة) لەنێو هێزەکانی پێشمەرگە.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، شۆڕش اسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی (فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکان)، (لیوا روکن به‌ختیار محه‌مه‌د سدیق، ئەمینداری گشتی)، (د.نه‌جات علی، فەرماندەی یەکەی 80) و (مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی یەکەی 70) و بە بەشداری گروپی راوێژکارانی هاوپەیمانی نێوودەوڵەتی (MNAG) کۆبوونه‌وه‌.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، کۆبونەوەکە لەئەنجامی ئەو هەوڵە گشتگیرانە بوو کە لەرابردوودا لەژێر رۆشنایی پرۆژە یاسای چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لەسەری کۆکبوون، بەمەبەستی ریفۆرمی سەربازی و نوێکردنەوە و یەکخستنی هێزە جیاوازەکانی پێشمەرگە بوو بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

جه‌خت له‌وه‌ش كرایه‌وه‌، له‌م کۆبوونەوەیەدا بۆ بەهێزکردنی سەرکردایەتی و کۆنتڕۆڵ (القیادة والسیطرة) لەناو هێزی پێشمەرگە، دروستکردنی فرقە و شێوازی دروستکردنی میکانیزمەکانی دروست کردن، گفتوگۆی وردو چڕی لەبارەوە کرا.