یاسای نەوت و گاز و یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگە په‌سند كران 

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ، چوارشه‌ممه ٢٠٢٢/٦/٢٩، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، مونا نەبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (١٠)ى ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی چوارەم له ‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه ‌چوو.

سه‌ره‌تا سه‌رۆكی په‌رله‌مان به ‌ناوى خوا و گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌ و له‌ وته‌یه‌كی كورتیشدا ئاماژه‌ی به‌ ڕووداوى كوشتنی دوو مامۆستاكه‌ى زانكۆی سه‌ڵاحەد‌دین كرد و ڕایگه‌یاند: “دیاره‌ به‌داخه‌وه‌ دوێنێ ده‌ستێكی نه‌گریس ده‌ستی چووه‌ خوێنی دوو مامۆستاى زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین، وێڕای دووباره‌ به‌توندی ئیدانه‌كردنی ئه‌م تاوانه‌ قێزه‌ونه‌، پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشیی په‌رله‌مان ئاراسته‌ی زانستخوازان و مامۆستایانی زانكۆ و خزم و كه‌سوكارى خوالێخۆشبووان، د. كاوان ئیسماعیل، ڕاگرى كۆلێژی یاسای زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین و د. ئیدریس حه‌مه‌خان، مامۆستای كۆلێژی ئه‌ندازیارى ده‌كه‌ین.”

وه‌ك ڕێزلێنانێكیش له‌ گیانی پاكی ئه‌و دوو مامۆستایه‌، سه‌رۆكی په‌رله‌مان داوای له‌ ئاماده‌بووانی دانیشتنه‌كه‌ كرد ده‌قیقه‌یه‌ك به‌ بێده‌نگی بوه‌ستن.

پاشان مونا نەبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه ‌و پوخته‌ى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مان و ناوى ئاماده‌نه‌بووانی دانیشتنی پێشووى به‌مۆڵه‌ت و بێمۆڵه‌ت خوێنده‌وه.

به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ كه‌ بریتی بوو له‌ دەنگدان لەسەر  هه‌ردوو پڕۆژه‌یاسای هه‌موارى یه‌كه‌می یاسای نەوت و گاز و پڕۆژەیاسای هەمواری یەكەمی یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان، ژمارە (٨)ی ساڵی ٢٠٠٨، هه‌ریه‌كه‌یان به‌جیا له‌لایه‌ن لێژنه‌ی كاروبارى یاسایی و لێژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند به ‌هه‌ریه‌ك له‌و دوو پڕۆژه‌یاسایه‌، ڕاپۆرتی هاوبه‌ش به‌ ڕه‌چاوكردن و جێكردنه‌وه‌ى سه‌رجه‌می ئه‌و سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازانه‌ی كه له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مان له دانیشتنی پێشووتردا له ‌كاتی خوێندنه‌وه‌ى دووه‌می پێشنیازه‌یاساكه خرابوونه‌ ڕوو، دوای به‌جیا خوێندنه‌وه‌ى سه‌رجه‌مى ئه‌و پێشنیازانه‌ى كه بۆ هه‌ر مادده‌یه‌ك له مادده‌كانی هه‌ردوو پڕۆژه‌یاساكه به‌ پێشنیازى لێژنه‌ی هاوبه‌شیشه‌وه كه هه‌بوون، به ناوونیشان و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی به‌جیا خرانه ده‌نگدانه‌وه و په‌سند كران، به‌م جۆره‌ یاسای نەوت و گاز به ‌ده‌نگی (٧٩) ئه‌ندامی په‌رله‌مان په‌سند كرا و یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگەش به ‌ده‌نگی (٧٩) ئه‌ندامی په‌رله‌مان په‌سند كرا.

به‌پێی خاڵی دووه‌م و كۆتایی به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ش، له‌لایه‌ن لێژنه‌ى كاروبارى یاسایییه‌وه‌ به‌جیا خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م بۆ هه‌ردوو پێشنیازەیاسای لیژنەی ئۆڵۆمپیی هەرێمی كوردستان و پێشنیازەیاسای سەندیكای بایلۆجیی هەرێمی كوردستان كرا و لەلایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانیشه‌وه‌ ئاراسته‌ی لێژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی په‌رله‌مان كران.

له‌ كۆتاییی دانیشتنه‌كه‌شدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌ وته‌یه‌كی كورتدا ڕایگه‌یاند: “له‌ ٧/١ه‌وه‌ وه‌رزی یاسادانان ڕاده‌وه‌ستێت، به‌ڵام ده‌وامی ڕۆژانه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان هه‌یه‌، ئه‌ندامانى به‌ڕێزی په‌رله‌مان به‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌وه‌ پابه‌ندی ده‌وامی ئاساییی خۆیان ده‌بن، لێژنه‌كانی په‌رله‌مان كه‌ به‌ نووسراو ئاگادارتان ده‌كه‌ینه‌وه‌، جارێكی تر بۆتان ده‌نێرینه‌وه‌ كه‌ واجب و ئیلتیزاماتی خۆمان، هه‌موومان به‌ یه‌كه‌وه‌ به‌ هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ ئاماده‌كردنی ڕاپۆرته‌كان به‌رده‌وام ده‌بێت، له‌و حاڵه‌ته‌ی كه‌ ڕاپۆرتێكی گرنگ، په‌یوه‌ست به‌ ژیانی خه‌ڵك، یا په‌یوه‌ست به‌ یاسایه‌ك، كه‌ گرنگ بێت ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت و گفتوگۆ بكرێت، له‌ مانگی ٧ و ٨ دانیشتنی نائاساییی په‌رله‌مانی كوردستان گرێ ده‌ده‌ین”.

گوتیشی: “بۆ هه‌موو لایه‌كی دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ پشوو نییه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، ده‌وامی ڕۆژانه‌ى سروشتی، ئاسایی هه‌یه‌، هه‌مووشمان پابه‌ندین به‌ ئاماده‌كارى بۆ وه‌رزی نوێى یاسادانان كه‌ زیاتر له‌ ١٢ پێشنیازه‌یاسا ئێستا له‌ پلانی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌ماندایه‌ بۆ وه‌زرزى نوێ، چاوه‌ڕوانیمان ئه‌وه‌یه‌ لێژنه‌كانی په‌رله‌مان ڕاپۆرتی خۆیانی له‌باره‌وه‌ ئاماده‌ بكه‌ن”.