ئومێد سه‌باح: ده‌رگای گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا كراوه‌یه‌

ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، وه‌زاره‌تی ناوخۆ و ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌مانی راسپارد، ده‌بێت ده‌ستبه‌جێ چه‌كی بێ مۆڵه‌ت قه‌ده‌غه‌ بكرێت و نابێت هیچ كه‌س له‌ رێگه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ی هه‌یه‌، ئاسایشی خه‌ڵك تێكبدات.

ئومێد سه‌باح گوتی: له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ دوایین پێشهاته‌كان و ئه‌و هێرشانه‌ی كرانه‌ سه‌ر كێڵگه‌ی كۆرمۆر و دانه‌گاز، ته‌وه‌رێكی سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بووه‌ و له‌وێ به‌ وردی باس له‌ پلانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ناردنی هێزێكی وه‌زارتی پێشمه‌رگه‌ كرا.

سه‌باره‌ت به‌ دانووستانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵ، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران روونیكرده‌وه‌، ده‌رگای گفتوگۆ دانه‌خراوه‌ و هه‌ر كاتێك به‌غدا واده‌یه‌كی دیاریكرد، حكومه‌تی هه‌رێمی ئاماده‌یه‌ی دانووستانه‌.