ئەنجومەنی وەزیران هێرشەکان بۆ سەر خەڵک و ژێرخانی کوردستان تاووتوێ دەکات

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی کۆدەبێتەوە و یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە هێرشی گرووپە چەکدارەکانە بۆ سەر خەڵک و ژێرخانی کوردستان.

هەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆ لەبارەی گوشاری بەردەوامی حکومەتی فیدراڵی بۆ وەبەرهێنەرانی بواری نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان لەپێناوی پەکخستنی پڕۆژەکانی گەشەپێدانی سەرچاوەکانی نەوت و گاز دەکات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی حوزەیرانی 2022، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، ئەنجام دەدات. لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانەی خوارەوە دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ:

– خستنەڕووی بابەتی چەندبارەبوونەوەی هێرشەکان بۆ سەر خەڵک و ژێرخانی کوردستان لە چەند مانگی رابردوودا و گرنگیی پێکهێنانی هێزی هاوبەشی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی و رێکارەکانی هەردوو وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و ناوخۆ بۆ پاراستنی ژێرخانی گشتی و دامەزراوەکانی نەوت و گاز.

– خستنەڕووی بابەتی گوشاری بەردەوامی حکومەتی فیدراڵی بۆ وەبەرهێنەرانی بواری نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان لە پێناوی پەکخستنی پڕۆژەکانی گەشەپێدانی سەرچاوەکانی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان کە ئەمەش بە ئاشکرا پێشێلکردنی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانە.

– خستنەڕووی بابەتی پڕۆژە بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2022.

ھەواڵی زیاتر