مه‌سرور بارزانی: حكومه‌تی فیدراڵی ئه‌و ئه‌ركه‌ی له‌سه‌ر شانیه‌تی جێبه‌جێی نه‌كردووه‌

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین، ئه‌و بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌ی هه‌یه‌ و كاره‌كان ته‌واو كراون، به‌ڵام تا ئێستا وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی فیدراڵ ته‌مویلی پڕۆژه‌كه‌ی نه‌كردووه‌.

له‌باره‌ی ئه‌و هێرشانه‌ی ده‌كرێنه‌ سه‌ر كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كان، مه‌سرور بارزانی گوتی: له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان گفتوگۆمان كردووه‌، كه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵكێكی له‌ یاساده‌رچوو ئه‌م كارانه‌ ده‌كرێن، حكومه‌تی عێراقیش دانی به‌وه‌ ناوه‌كه‌ كێن ئه‌وانه‌ی ئه‌م كارانه‌ ده‌كه‌ن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌یه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ هاوكار بن و ئه‌م هێرشانه‌ كۆتایی پێبێت.

گوتیشی: له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی له‌سه‌ر هێڵین، بۆ ئه‌وه‌ی بۆشایی ئه‌منی كه‌م بكرێته‌وه‌، ئه‌و لیوا هاوبه‌شه‌ی بڕیاری درووستكردنی دراوه‌، كاره‌كانی ته‌واو بووه‌، به‌ڵام حكومه‌تی فیدراڵی ئه‌و ئه‌ركه‌ی له‌سه‌ر شانیه‌تی، جێبه‌جێی نه‌كردووه‌.

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان روونیكرده‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ چه‌ند رۆژێك به‌ر له‌ ئێستا له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ باڵاكانی سه‌ربازی قسه‌م كردووه‌، ئه‌وان ده‌ڵێن هه‌موو شته‌كان لای ئه‌وان ته‌واو بووه‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی فیدراڵ تا ئێستا ته‌مویلی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ نه‌كراوه‌.

جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌، پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌م بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌ هاوكارێكی زۆر ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی چی دیكه‌ خه‌ڵكێكی له‌ یاساده‌رچوو یان خه‌ڵكێكی تیرۆریستیش نه‌توانن ئه‌م شوێنه‌ بۆ په‌لاماردانی كوردستان و خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ به‌كاربهێنن.

ھەواڵی زیاتر