ئارام كۆشكی
هەفتەی پێشوو لەگەڵ هاوڕێیەکی هونەردۆستم لە یەکێک لە هۆڵەکانی سینەما لە شاری سلێمانی نوێترین فیلمی سینەمایی کوردیمان تەماشا کرد. بەر لەوەی بچینە هۆڵی سینەماکەوە هەستم بە چۆڵی و خامۆشییەکی زۆر کرد چەند دەقیقەیەکی کەمی مابوو بۆ نمایشی فیلمەکە چووینە هۆڵی سینەماکە و لەگەڵ گەیشتنی ئێمە بۆ هۆڵەکە دوو بینەری دیکەش گەیشتن. یەکەم بەرکەوتن و یەکترناسینی هەر چوارمان بەوە دەستی پێکرد ئەرێ ئەم هۆڵە بۆ وەها چۆڵە؟ بۆ بەس ئێمە هاتووین بۆ سەیری ئەم فیلمە؟ زۆر شتی دیکەمان گوت تەنها لەو چەند دەقیقەیەدا، کە ئەگەرچی هەر پرسیاری سەرپێی بوون، بەڵام ڕیشەیان لە کولتووری ئێمەدا قووڵ بوو؟ دوای تەواوبوونی فیلمەکە و جوانی فیلمەکە و تازەیی تێمەکەی ئەو پرسیارەم لەلا دروستبوو بۆ ئێمە دۆستی هونەر نین؟ ئەو هەموو دوورییەی ئێمە (ئێمە؛ مەبەست لە مرۆڤی کوردە) لە هونەرەوە لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت؟ ڕیشەکەی لە کوێدایە؟
ئەوەی لەو پرسیارانەوە پێی گەیشتم ئەوە دوورییەی سیستمی پەروەردەی ئێمەیە لە “پەروەردەی هونەر”ەوە، ئەوەی میللەتێک دەکاتە هونەردۆست کارکردنی سیستمی پەروەردەیە لەسەر کایە جیاوازەکانی هونەر. یەکێک لەو هەوڵانەی لەم بوارەدا دراوە هەوڵە گرنگ و بەجێکانی مامۆستا خەلیل عەلی عەبدوڵڵا-یە، کە لە ماوەی ڕابردوودا لەسەر دوو هەوڵی دیکەی ئەم مامۆستایە هەڵوەستەم کردووە، بەڵام ئەمجار لەسەر کتێبێکی دیکەی هەڵوەستە دەکەم کە وەکو پرۆگرام پێشکەشی وەزارەتی پەوەردەی کردووە. دەتوانم بڵێم بەبێ هیچ هەڵنانێک هەوڵێکی تاکەکەسی ئەم مامۆستا پەروەردەکارە جێگەی دەستخۆشیی و هاوکات جێگە متمانەیە بۆ پەیڕەوکردن.
ئەوەی هەنووکە لەبەردەستی مندایە وانەی “پەروەردەی هونەرە” بۆ پۆلی یەکەمی بنەڕەتی. لەم کتێبەدا کۆمەڵێک وانەی پەروەردەیی تێدایە، کە سەرجەمیان بۆ بزاندنی ئارەزووی منداڵ بەرەو جیهانی هونەر گرنگی خۆی هەیە. منداڵ بوونەوەرێکە ناکرێت تەنها گرنگی بە گەورەکردن و فێرکردنی بدەین، بەڵکو پێویستە گرنگی بە پەروەردەکردنی بدەین. ئەوەی لەنێو سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستاندا جێگەی سەرنجە ئەو جێگا خاڵییەی پەروەردەکردنە، بەڵکو سیستمەکەی ئێمە تەنها کار لەسەر فێربوون دەکات و کەمترین ئاوڕ لە پەروەردەکردن دەداتەوە.
یەکێک لە ڕێگاکانی پەروەردەکردن گرنگیدانە بە وانەی پەروەردەی هونەر. بوونی ئەم وانەیە، منداڵ دەکاتە بوونەوەرێکی بیرکەرەوەی ژینگەدۆستی وڵاتپەروەر، کەدەتوانرێت لەڕێی ئەم وانەیەوە ڕێگریی لە کۆمەڵێک ڕەوشتی ناشیرین بگیرێت، کە لەنێو کولتووری ئێمەدا خەوشی گەورەن. لەوانە نەپاراستنی ژینگە و بەفیرۆدانی ئاو و ڕێزنەگرتن لە جیاوازی نێوان مرۆڤەکان و ڕێزگرتن لە بەهرەو توانای یەکتری. ئەوەی وانەی هونەر پێماندەڵێت کەمتر نییە لە تەواوی ئەو وانانەی دیکە دەخوێنرێت. بەڵام ئایا بۆچی تا ئێستا وانەی هونەر وانە پەراوێزییەکەیە؟
ئەوەی وانەی هونەر و پەوەردەکردنی هونەری پشتگوێ خستووە دووری مرۆڤی ئێمەیە بەدرێژایی مێژوو لە هونەر و کایە جیاوازەکانییەوە و هاوکات هیچ بەرپرسێکی پەروەردەییمان نەبووە و نییە خاوەنی هەستێکی بەرزی هونەری بێت تا گرنگی بەم وانەیە و پەروەردەی هونەر بدات. ئەمەش وای کردووە گەلەریی و هۆڵی سینەماکان چۆڵ و سەکۆی شانۆ و هۆلی موزیکەکان خامۆش بێت.
دووری لە هونەرەوە واتە دووری لە ژیاندۆستی، کە ئەمە بەتەواوی لە تاکی کوردیدا ڕەنگدانەوەی هەیە. تاکی کوردی تا دووربێت لە هونەر نابێتە تاکیکی ژیاندۆست. چونکە سەرچاوەی هەموو ژیاندۆستییەک تەنها و تەنها هونەرە.
دەستخۆشی بۆ هەوڵەکانی م. خەلیل و وانەکانی بۆ پەروەردەی هونەر، دەکرێت ئەم وانانە دەروازەیەک بن بۆ ئاراستەکردنی تاکی کورد بەرەو جیهانی هونەر و ژینگەدۆستی و مرۆڤدۆستی. بەبێ هەوڵی لەم چەشنە پەروەردەی هونەر؛ لە پەراوێزەوە نابێتە پێویستی.