پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر ماڵئاوایی كرد

فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، سه‌فین دزه‌یی، به‌مه‌به‌ستی ماڵئاواییكردن له‌ ئه‌ركه‌كه‌ی، پێشوازی له‌ رۆبێرت جەی پاڵادینۆ، كونسوڵی گشتی ئه‌مه‌ریكا له‌هه‌رێمی كوردستان كرد.

فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، ئەمڕۆ (سێشەممە 28ـی حوزەیرانی 2022) سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە رۆبێرت جەی پاڵادینۆ، کونسوڵی گشتی کونسوڵگەری ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکى یاوەرى (کە بەمەبستى ماڵئاواییکردن سەردانى فەرمانگەیان کردبوو)، کرد.

هه‌روه‌ها له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌، لە کۆبوونەوەکەدا، تیشکخرایە سەر پەیوەندى دۆستانەى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا و هەرێمى کوردستان و دوایین پەرەسەندنەکانى گۆڕەپانى سیاسى، ئابوورى و ئاسایش لە هەرێمى کوردستان و عێراق.

بەرپرسی فەرمانگەی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌، سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونی کونسوڵی گشتی ئه‌مه‌ریكا لەماوەی ئەرکەکەیدا لە هەرێمی کوردستان کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکانی ئاییندەی بۆ خواست.