هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

مەسرور بارزانی: وەرزش رۆڵێکی گرنگی دەبینێت لە ناساندن و ئاڵوگۆڕی کولتووری نێوان گەلان

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: وەرزش جیا لە سوودە تەندروستییەکانی، رۆڵێکی گرنگیش دەبینێت لە ناساندن و ئاڵوگۆڕی کولتووری لەنێوان گەلانی جیهان.

نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “ئەمڕۆ سێشەممە 28ی حوزەیران، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە هەڵبژاردەی فوتساڵی خانمانی عێراق کرد کە زۆرینەی یاریزانەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانن”.

ئاماژە بەوەکراوە: “سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی و دەستخۆشی لێکردن بەبۆنەی بەدەستهێنانی پلەی یەکەم لە سێیەم پاڵەوانێتی رۆژئاوای ئاسیا بۆ فوتساڵی خانمان کە لەم دواييانە لە عەرەبستانی سعودی بەڕێوەچوو”.

سەرۆکی حکومەت لە دانیشتنی لەگەڵ یاریزانانی هەڵبژاردەی فوتساڵی خانمانی عێراق رایگەیاندووە: “وەرزش جیا لە سوودە تەندروستییەکانی، رۆڵێکی گرنگیش دەبینێت لە ناساندن و ئاڵوگۆڕی کولتووری لە نێوان گەلانی جیهان”، خۆشحاڵیشی نیشاندا کە هەماهەنگییەکی باش هەیە لە نێوان ئەندامانی هەڵبژاردەکە کە لە پێکهاتە جیاواەکانی عێراق پێکهاتوون و توانیان بەیەکەوە عێراق بەهێزتر بکەن.

مەسرور بارزانی،  راشیگەیاندووە: “ئافرەتانی کوردستان، وەک چۆن وەک پێشمەرگە لە سەنگەری بەرگریکردن لە کوردستان و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، رۆڵێکی بەرچاویان هەبوو و جیهانیشیان سەرسام کرد، ئەمڕۆش لە بواری وەرزشدا، رۆڵی کاریگەریان هەبووە لە سەرکەوتن و بە دەستهێنانی پلەی یەکەم بۆ هەڵبژاردەی عێراق”. 

لە راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆکی حکومەت هاتووە: “لە بەرامبەردا فیراس بەحرولعلوم، ئەندامی یەکێتی تۆپی پێی عێراق و سەرۆکی شاند و ئەندامانی هەڵبژادەی فوتساڵی خانمان، سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ گرنگیپێدان و پشتیوانی سەرۆکی حکومەت لە وەرزش و وەرزشکاران دەربڕی”.