قایمقامی چۆمان: پەکەکە سەرانە لە خەڵکی باڵەکایەتی وەردەگرێت

قایمقامی قەزای چۆمان، دەڵێ، پەکەکە کێشەیەکی زۆری بۆ خەڵک و حکوومەت دروست کردووە، لەبەر پەکەکە چەندین گوند و ئاوایی ناوچەکە چۆڵ بوونە، ئەگەر بۆ کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری بگەڕێنەوە سەرانەیان لێ وەردەگرێت.

سوارە ئەکرەم، قایمقامی قەزای چۆمان، بۆ “ھەولێر” دەڵێت:” چۆمان ھاوسنوورە لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر، بەھۆی ھەبوونی پەکەکە لەناوچەکە چەندین گوند چۆڵکراون، ھەر لەبەر شەڕی پەکەکە و تورکیا چەندین کەس شەھید و بریندار بوونە، کەواتە پەکەکە بۆتە کێشەی گەورە بۆ خەڵکی گوند و ئاواییەکانی ناوچەکە.
قایمقامی قەزای چۆمان، دەشڵێ:” لە ھەندێک ناوچە خەڵک تەنھا بە رۆژ دەتوانێت سەردانی بکات، بەشەو دەبێت بگەڕێتەوە ئەگەرنا مەترسی لەسەر گیانی دەبێت، بەتایبەتی ئەو جووتیارانەی کاری کشتوکاڵی دەکەن، یان ئەو کەسانەی کاری ئاژەڵداری دەکەن.
سوارە ئەکرەم، قایمقامی قەزای چۆمان، ئاشکراشی کرد:” پەکەکە کێشەیەکی زۆری بۆ خەڵک و حکوومەت دروست کردووە، ئەگەر ھاتبا پەکەکە لەو ناوچانە نەبوایە، لە چۆمان شوێنی زۆر خۆش و جوان ھەن دەکرانە شوێنی گەشتیاری، بەوەش ھەم خەڵکەکە سوودی لێ دەبینی، ھەمیش بۆ حکوومەت باش دەبوو، لەگەڵ ئەوەی دەستی ئاوەدانی دەگەیشتە ھەموو ئەو ناوچانە، بەڵام ئێستا لەبەر پەکەکە ناتوانین پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ ھەندێک ناوچە ببەین، ئەمە لە کاتێکدایە بەردەوام خەڵکی ئەو ناوچانە داوا دەکەن پەکەکە لە گوند و ئاواییەکانی ئەوان نەمێنێت بۆ ئەوە بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دەست بە ژیانێکی نوێ بکەن، چونکە ئەگەر بگەڕێنەوە، یان شەھید دەبن، یان سەرانەیان لێ وەردەگرێت”.

ھەواڵی زیاتر